به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى (حسدک) به‌بۆنه‌ى یادى 24 ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینى جه‌ماوه‌رى کوردستانه‌وه‌

3/4/2015 11:41:00 AM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

 مه‌کته‌بى سیاسى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌بۆنه‌ى یادى راپه‌رینه‌ مه‌زنه‌که‌ى ساڵى 1991 و بۆنه‌کانى ئاداره‌وه‌ به‌یاننامه‌یه‌ک بڵاو ده‌کاته‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌که‌یه‌تى : 

به‌یاننامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى (حسدک) به‌بۆنه‌ى یادى 24 ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینى جه‌ماوه‌رى کوردستانه‌وه‌ 

جه‌ماوه‌رى کوردستان..

ئه‌مڕۆ 5ى ئادار، 24 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ڕاپه‌ڕینى جه‌ماوه‌ریى کوردستاندا، که‌ تیایدا هێزى پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵکى تێکۆشه‌رى کوردستان پێکه‌وه‌ کۆتاییان به‌ جه‌ور و سته‌مى ڕژێمى به‌عسى ڕووخاو هێناو به‌شێکى کوردستانیان ئازاد کرد.

5ى ئادارى 1991 ئه‌و ڕۆژه‌ پرشنگداره‌ى مێژووى هاوچه‌رخى نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌، که‌ ئه‌و ڕاستییه‌ى دووپات کرده‌وه‌ هیچ زوڵم و هێز و واقیعێک ناتوانێت ئیراده‌ى ئازادیخوازانه‌ى گه‌ل ڕیشه‌کێش بکات ئه‌گه‌رچى بۆ ماوه‌یه‌کیش به‌ ئاگرو ئاسن سه‌رکوت بکرێت، نه‌ک هه‌ر هێنده‌ به‌ڵکو ڕاپه‌ڕین ئه‌نجامى خه‌باتى دوورو درێژى ده‌یان ساڵى تێکۆشه‌رانى گه‌ل و قوربانى زۆرى ڕۆڵه‌کانى و سته‌مى بێ وێنه‌ى داگیرکه‌ران بوو، ئه‌و ڕاپه‌ڕنه‌ ئه‌نجامى تاوانه‌ گه‌وره‌کانى ئه‌نفالى گه‌رمیان و بادینان و بارزان و کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌و سێوسێنان و دۆڵى جافه‌تى و ئه‌شکه‌نجه‌دان و له‌زیندان په‌ستانى خه‌ڵکى بێ دیفاعى کوردستان و سیاسه‌ته‌کانى ڕاگواستن و ته‌عریب و ته‌بعیس بوون، به‌رى ڕه‌نجى ده‌یان شۆڕش و جووڵانه‌وه‌و ڕاپه‌ڕین و گیانفیدایى هه‌زاران پێشمه‌رگه‌و سه‌رکرده‌و تێکۆشه‌رى ئه‌مه‌کدار و خوێنى شه‌هیدان و خۆڕاگریى که‌سوکاریان بوو.

ڕاپه‌ڕنى به‌هارى 1991 ده‌روازه‌ى ئازادیى کوردستان بوو به‌شارى که‌رکوکى گه‌وهه‌رى کوردستانیشه‌وه‌ که‌ له‌ نه‌ورۆزى هه‌مان ساڵدا جارێکى تر بۆ دۆست و دوژمى سه‌لماند خاکى زه‌وت کراو ئه‌مڕۆ یا سبه‌ى ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌و هیچ هێزێک ناتوانێت ئه‌ساڵه‌تى مێژوویى و ناسنامه‌ى ڕاسته‌قینه‌ى بۆ هه‌تاهه‌تایى بشێوێنێت و بشارێته‌وه‌، ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ که‌ خه‌باتى گه‌لى کوردستانى گه‌یانده‌ کۆڕه‌وى ملیۆنى و ڕه‌فزکردنه‌وه‌ى سه‌رتاسه‌رى ژیان له‌ژێر سیاسه‌تى حوکمى بێگانه‌و دیکتاتۆردا، بووه‌ ده‌روازه‌ى ڕزگارى سه‌رتاسه‌ریى عێراق و کوانووى خه‌بات دژ به‌ ڕژێمى ڕووخاوى سه‌دام حسێن له‌سه‌رتاسه‌رى عێراقدا.
 
ئه‌م ساڵ له‌کاتێکدا یادى ڕاپه‌ڕینى ئادارى ساڵى 1991 ده‌که‌ینه‌وه‌، هه‌رێمى کوردستان ڕووبه‌ڕوى جه‌نگێکى داسه‌پاو بووه‌ له‌ گه‌ڵ چه‌کدارانى داعش به‌ درێژاى زیاتر له‌ هه‌زران کیلۆمه‌تر هه‌ر له‌ شه‌نگاله‌وه‌ تاکو جه‌له‌ولا که‌ ده‌یانه‌وێت له‌ ڕێگاى پیلانى داڕێژراو هه‌رێمى کوردستان داگیربکه‌ن خۆشبه‌ختانه‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان توانیویانه‌ ڕێگه‌ له‌ پیشڕه‌ویه‌کانى داعش بگرن  و به‌شێکى گرنگى هه‌رێمى کوردستان ئازاد بکه‌ن .
 هه‌ر له‌ سه‌رتاى هێرشه‌کانى داعش بۆ سه‌رخاکى  کوردستان پێشمه‌رگه‌کانى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان به‌ سه‌رپه‌رشتى به‌ڕێز محه‌مه‌دى حاجى مه‌حمود چونه‌ به‌ره‌کانى پێشه‌وه‌ى به‌رگرى به‌مه‌به‌ستى پاراستى خاکى پیرۆزى کوردستان چه‌ندین شه‌هیدو بریندارى به‌خشیه‌ کوردستان به‌ مه‌به‌ستى به‌ ئاکام گه‌یشتنى ده‌ستکه‌وته‌کانى ڕاپه‌ڕین .ئێستاش به‌ هۆى هێرشه‌کانى داعش بۆ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان گۆڕانکارى گه‌وره‌ جیهان و ناوچه‌که‌و عێراقى گرتۆته‌وه‌ هێزه‌کانى هاوپه‌یمانان و دۆسته‌کانى کوردستان پشتگیرى له‌ هه‌وڵه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن که‌ ئێستا به‌ نوێنه‌رایه‌تى جیهان دژى تیرۆر ده‌جه‌نگن و پێویسته‌ ئیستا له‌ هه‌موو کات زیاتر هێزو لایه‌نه‌سیاسیه‌کانى کوردستان یه‌کگوتاربن و کاربکه‌ن به‌ ئاراسته‌ى قۆناغیکى نوێ بۆ به‌ ده‌یهێنانى ئاینده‌یه‌کى گه‌شتر بۆ گه‌له‌که‌مان . 

نه‌ته‌وه‌که‌مان قۆناغى ئینکارکردنى له‌لایه‌ن هێزه‌کانى سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسیدا تێپه‌ڕاندووه‌ و وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کى خاوه‌ى هه‌ق و کارایه‌کى کاریگه‌ریى سیاسى و هۆکارێکى ئارامى و ئۆقره‌یى له‌ ناوچه‌که‌و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا خۆى ده‌نوێنێت، خه‌باتى ڕزگارى کورد له‌ عێراق و ته‌واوى ناوچه‌که‌دا له‌ دوڕیانى گه‌یشتن به‌ ئه‌نجامدایه‌.
 
جه‌ماوه‌رى کوردستان.. 

ئێمه‌ له‌ حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، له‌گه‌ڵ پیرۆزبایى له‌ یادى ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م بۆنه‌و یاده‌کانى ئادار ده‌که‌ین ، جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامیى ڕێگاى تێکۆشان ده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانى سه‌رجه‌م مافه‌ ڕه‌واکانى گه‌له‌که‌مان و به‌رپاکردنى دادپه‌روه‌رى و عه‌داله‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌راهه‌مکردنى ژیان و گوزه‌رانى شایسته‌ بۆ سه‌رجه‌م تاکه‌کانى کۆمه‌ڵگاى کوردستان و هێنانه‌کایه‌ى کۆمه‌ڵگایه‌کى ئازاد و ئارام و گه‌شه‌سه‌ندووى خۆشگوزه‌ران له‌سایه‌ى حوکمى قانون و ده‌وڵه‌تى دامه‌زراوه‌یى و ده‌سه‌ڵاتى دیموکراسى نیشتمانیدا، دوور له‌هه‌ر مه‌ترسییه‌کى ده‌ره‌کى و به‌ڵاو ئافاتێکى ئابوورى و سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى ناوخۆییدا، هاوشان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌پێدانى ژێرخانى ووڵات و بنه‌ماکانى فیکرو زانست و هونه‌رو داهێناندا، بۆ به‌شدارى له‌و ره‌وتى گه‌شه‌یه‌ى له‌دنیادا هه‌یه‌و وه‌ به‌ره‌وپێشتریش له‌ هه‌نگاوى خێرادایه‌.

له‌ هه‌مان کاتدا پشتگیرى داوا ڕه‌واکانى خه‌ڵکى کوردستان ده‌که‌ین سه‌ باره‌ت به‌ باشکردنى ژیان و گوزره‌رانى هاوڵاتیان و دابینکردنى پێداویسته‌کانى ڕۆژانه‌ى هاوڵاتیان له‌لایه‌ن حکومه‌ت و پێدانى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران له‌کاتى خۆى و ئاوه‌ڕدانه‌وه‌ى زیاتر له‌ که‌س و کارى شه‌هیدان . 

 حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان، پشتیوانى له‌خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یى کورد ده‌کات له‌ ته‌واوى ناوچه‌که‌و چاره‌سه‌رى ئاشتى دیموکراسى بۆ دۆزى نه‌ته‌وه‌که‌مان که‌ ئێستا له‌ جووڵایه‌کى ئومێدبه‌خشدایه‌.

هه‌روه‌ک پێمان وایه‌، له‌گه‌ڵ ئاوابوونى ڕۆژگارى دیکاتۆریه‌تى قه‌ومى و مه‌زهه‌ب و حزبى و تاکه‌ که‌سى له‌عێراقداو خۆسه‌پاندنى به‌ناو و ناونیشانى جیاواز له‌ ناوچه‌که‌، به‌ڵام هێشتا ڕێگایه‌کى درێژمان له‌پێشه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئاوات و ئامانجه‌ گه‌وره‌کان، ئه‌و ڕێگایه‌ى که‌ به‌ خوێن و خه‌بات ده‌روازه‌که‌یمان کردووه‌ته‌وه‌و 24 ساڵیشه‌ به‌هه‌موو دژوارییه‌که‌وه‌ پارێزگارى لێده‌که‌ین و ئه‌زموونى ده‌که‌ین، ته‌نها به‌ دادپه‌روه‌رى و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک و ڕێزگرتن له‌ ئیراده‌و خواستى جه‌ماوه‌ى کوردستان و ئازادى و حوکمى قانون و یه‌کێتى ڕیزه‌کان درێژه‌ى پێده‌درێ و جه‌ماوه‌رى کوردستان زامنى گه‌وره‌و سه‌رمایه‌ى یه‌که‌م و کۆتایى پاراستن و سه‌رخستنى هه‌میشه‌یى و مایه‌ى سه‌نگ و قورساییشامانه‌ له‌ ناوچه‌که‌و جیهاندا.

جه‌ماوه‌رى کوردستان خاوه‌نى ڕاسته‌قینه‌ى ڕاپه‌ڕین و ئازادى و ده‌سه‌ڵات و سامانى ووڵات و خاوه‌نى شانازیى ده‌ستکه‌وت و سه‌رکه‌وتنه‌کانه‌ وه‌ک چۆن سووته‌مه‌نى به‌ده‌ستهێنانیان بووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت یادى ڕاپه‌ڕین له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رى ڕۆژگارى سه‌خت و تاڵى قوربانیدان و یادى سه‌رکه‌وتنه‌ گه‌وره‌کان، بیکه‌ینه‌ ڕۆژى ئاشته‌وایى سه‌رتاسه‌رى و یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک هه‌ڵوێستى جه‌ماوه‌ر و حزب و حکومه‌ت و دامه‌زراوه‌کانى حوکم له‌ کوردستاندا، پێکه‌وه‌ بۆ ئاشتى و دادپه‌وه‌رى و گه‌شه‌پێدانى ووڵات و ساڕێژکردنى برینه‌ سه‌خته‌کانى ڕابردوو.
 
به‌رزو شکۆداربێت بیره‌وه‌رى 24ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕین..

نه‌مریى بۆ شه‌هیدانى کاروانى خه‌باتى ڕزگارى کوردو کوردستان..
 
 
 
                               
 
                                                                             مه‌کته‌بى سیاسى      
                                                              حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان
                                                                                4-3-2015       


زۆرترین خوێندراو