عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود : چاکسازى ته‌نها زیندانیه‌ک و گه‌رانه‌وه‌ى بۆ نێو کۆمه‌ڵگا ده‌ستکه‌وتێکى گه‌وره‌یه‌

3/4/2015 4:06:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 4 ى مارسى 2015 له‌ هۆڵى ماده‌ى 140 له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، هه‌رسێ لیژنه‌ى کاروبارى یاسایى ‌و ناوخۆ ‌و ئاسایش ‌و ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌کان ‌و مافه‌کانى مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د هاودیانى وه‌زیرى کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى چاکسازیى کۆمه‌ڵایه‌تى ‌و نوێنه‌رنى وه‌زاره‌تى داد ‌و ده‌سته‌ى مافه‌کانى مرۆڤ ‌و به‌ڕێوه‌به‌رى چاکسازیى گه‌ورانى هه‌ولێر، کۆبوونه‌وه‌یه‌کى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ، هاوکات ئه‌ندامى لیژنه‌ى ناوخۆ به‌جه‌ماوه‌رنیوزى راگه‌یاند : مه‌به‌ست له‌ کۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌که‌ى ئه‌مڕۆ  تاووتوێکردن ‌و وه‌رگرتنى بیروبۆچوونى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان بوو له‌سه‌ر پرسى لێبووردنى گشتى له‌ هه‌رێمى کوردستان ، هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا ره‌وشى گیراوه‌کان ‌و دستبه‌سه‌رکراوه‌کان ‌و جۆرى حوکمه‌کانیان ‌و ره‌وشى چاکسازییه‌کان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ کرا ‌و جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیى تاووتوێکردنى زیاترى ئه‌و پرسه‌ کرایه‌وه‌..

عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود  ئاماژه‌ى به‌وه‌دا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ر سێ لیژنه‌ بڕیاریاندا لیژنه‌یه‌کى شه‌ش که‌سى له‌ ئه‌ندامانى هه‌رسێ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌که‌ پێکبهێنرێت بۆ به‌دواداچوون ‌و کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى ‌و ئامارى ورد سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشى گیراوه‌کان ‌و ده‌ستبه‌سه‌رکراوه‌کان ‌و جۆرى حوکمه‌کانیان، بۆئه‌وه‌ى بتوانن به‌ بڕیارێکى دروست له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌ربچن.

سه‌رۆکى فراکسیۆنى حزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان ئه‌وه‌شى خسته‌رووکه‌ که‌ یه‌کێک له‌زیندانیه‌کان چاکسازى بکرێت و به‌شێوه‌یه‌کى ته‌ندروست بگه‌رێته‌وه‌ نێو کۆمه‌ڵگا وه‌ک تاکێکى باش ئه‌وه‌ ده‌ستکه‌وتێکى گه‌وره‌یه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌شێوه‌یه‌ک کاربکرێت ئه‌و که‌سانه‌ى توشى هه‌ڵه‌بوون چاکسازى پێویست بکرێن و بگه‌رێنه‌وه‌ نێو خێزان و کۆمه‌ڵگا .


زۆرترین خوێندراو