سلێمانى ...خانێکى به‌خێوکردنى ئاژه‌ڵ ده‌ڕووخێندرێت

4/22/2015 3:21:00 PM
جەماوەر نیوز
هێشوو سه‌باح

خانێکى به‌خێوکردنى ئاژه‌ڵ له‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازى شارى سلێمانى ده‌ڕوخێندرێت و سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانیش رایده‌گه‌یه‌نێت خانه‌که‌ ماوه‌ى 23 ساڵه‌ به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى له‌سه‌ر موڵکى حکومومه‌ت دروست کراوه‌ .

شه‌وى رابردوو 21 ى نیسانى 2015, لیژنه‌ى لابردنى زیاده‌ڕۆییه‌کان له‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازى شارى سلێمانى خانێکى گه‌وره‌ى به‌خێوکردنى ئاژه‌ڵیان رووخاند که‌ ماوه‌یه‌کى زۆره‌ به‌شێوه‌ى نایاسایى دروست کراوه‌ .
  
سۆران عه‌بدولغه‌فور سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند له‌ درێژه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌که‌یاندا بۆ لابردنى ئه‌و زیاده‌ڕۆییانه‌ى که‌ کراونه‌ته‌ سه‌رموڵکى گشتى شه‌وى رابردوو لیژنه‌که‌یان له‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازى خانێکى گه‌وره‌ى به‌خێوکردنى ئاژه‌ڵیان رووخاند که‌ رووبه‌ره‌که‌ى زیاتر له‌ دۆنمێکه‌و خاوه‌نه‌که‌ى به‌شێوه‌ى  نایاسایى و له‌سه‌ر موڵکى گشتى له‌ ساڵى 1992 دروستى کردووه‌.
 
سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ووتیشى لیژنه‌که‌یان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هه‌وڵه‌کانى و له‌ هه‌ر شوێنێک زیاده‌ڕۆیى بکرێته‌ سه‌ر موڵکى گشتى لاده‌برێن و به‌بێ جیاوازى رێگه‌ به‌هیچ که‌سێک نادرێت موڵکى گشتى بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى به‌کار بهێنێت.


زۆرترین خوێندراو