سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پشتگیریکردنى هه‌رێمى کوردستان

5/23/2016 4:46:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز





شاندێکى هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تى وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم سه‌فین دزه‌یى ڕۆژى یه‌کشه‌ممه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا فرانسوا ئۆلاند کۆبوونه‌وه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، که‌ له‌ کۆشکى ئیلیزێ به‌ڕێوه‌چوو، شه‌ڕى دژى تیرۆر، هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ولێر و پاریس، کێشه‌ى دارایى هه‌رێم، قه‌یرانى سیاسى عێراق و چه‌ند پرسێکى تر خرانه‌ به‌ر باس.

له‌ وتارێکدا سه‌رۆک ئۆلاند پشتگیرى وڵاته‌که‌ى بۆ هه‌رێمى کوردستان دووپاتکرده‌وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ هاوکارییه‌ سه‌ربازییه‌کان بۆ هێزى پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن.  سه‌رۆکى فه‌ره‌نسا هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ى کرد له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆردا.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا دزه‌یى سوپاسى گه‌ل و سه‌رۆکى فه‌ره‌نساى کرد بۆ هاوکاریکردنى هه‌رێمى کوردستان و ڕۆڵى سوپا فه‌ره‌نسى له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆرستانى داعشدا به‌رز نرخاند.

وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ پێشمه‌رگه‌ى کوردستان له‌ بڕى جیهان شه‌ڕ له‌ دژى دڕنده‌ترین کۆمه‌ڵه‌ى تیرۆرستى ده‌کات و پارێزگارى له‌ مرۆڤایه‌تى ده‌کات.

ته‌وه‌رێکى ترى کۆبوونه‌وه‌که‌ تایبه‌ت بوو به‌ باسکردنى فیلمى دۆکیومێنتارى 'پێشمه‌رگه‌' که‌ ڕۆژى هه‌ینى له‌ فێستیڤالى نێونه‌ته‌وه‌یى کان نمایشکرا.  سه‌رۆکى فه‌ره‌نساو ووته‌بَژى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستخۆشیان له‌ ستافى فیلمه‌که‌ کرد و ڕاشیانگه‌یاند که‌ ئه‌م فیلمه‌ ڕۆڵێکى سه‌ره‌کى ده‌بێت له‌ گه‌یاندنى خه‌بات و تێکۆشانى پێشمه‌رگه‌ به‌ ڕاى گشتى جیهان.


زۆرترین خوێندراو