هه‌ڵه‌بجه‌ داواده‌که‌ن که‌ عێراق ببێته‌ ئه‌ندام له‌ دادگاى لاهاى

7/18/2016 5:22:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ تۆڕى هاوپه‌یمانى ڕێکخراوه‌ کوردستانیه‌کان، له‌پیناوى دادگاى نیوده‌ وڵه‌تى که‌له‌(325)رێکخراو پێک هاتووه‌ داواده‌که‌ن که‌ عێراق ببێته‌ ئه‌ندام له‌ دادگاى لاهاى نێوده‌وڵه‌تى و ده‌شڵین: هه‌ر که‌س و لایه‌نێک نکوڵى له‌ جینۆسایدى ئێزدى و کریستیان بکات له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ پێویسته‌ سزا بدرێت.

ئه‌مڕۆ له‌ رۆژى جیهانى دادپه‌روه‌ری-دا له‌ مۆنۆمێنتى یادگارى هه‌ڵه‌بجه‌، کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ تۆڕى هاوپه‌یمانى ڕێکخراوه‌ کوردستانیه‌کان و به‌ ئاماده‌بونى چه‌ند چالاکوانێکى مه‌ده‌نى، گردبونه‌وه‌یه‌کیان ئه‌نجامدا.

حیکمه‌ت فایه‌ق ئه‌ندامى باڵاى کۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى کیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ گردبوه‌نه‌وه‌که‌دا به‌یاننامه‌ى به‌شدارانى گردبوونه‌وه‌که‌ى خوێنده‌وه‌، که‌ تیایدا هاتبوو:"په‌یماننامه‌ى ڕۆما که‌ له‌ 17-7-1988 بڕیارى له‌سه‌ر دراوه‌ تائێستا چه‌ندین جار هه‌موارکراوه‌ته‌وه‌ له‌ساڵى 2002 ده‌ستى به‌ کاره‌کانى کردووه،‌ که‌ 139 وڵات واژۆیان له‌سه‌ر کردووه‌، هه‌روه‌ها دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى ئامرازێکى گرنگه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ ئه‌نجامدانى تاوانى جینۆساید و تاوانى دژه‌ مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ و به‌سزاگه‌یاندنى بکه‌رانى و ڕزگار نه‌بونیان له‌ سزادان".

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌که‌دا هاتووه‌:"بۆ ئه‌وه‌ى له‌ عێراقى نوێدا تاوانى جینۆساید و تاوانى دیکه‌ دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ که‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌ پێویسته‌ عێراق بۆ دڵنیاکردنه‌وه‌ى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان به‌ په‌یماننامه‌ى ڕۆماوه‌ په‌یوه‌ست بێت ببێته‌ ئه‌ندامى دادگاکه‌، که‌ عێراق له‌ به‌روارى 15-2-2005 په‌یوه‌ستبووه‌، به‌ڵام به‌بێ هیچ ڕونکردنه‌وه‌یه‌ک دواى دوو هه‌فته‌ پاشه‌کشه‌ى لێکردووه‌".

حیکمه‌ت فایه‌ق له‌درێژه‌ى خوێندنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌که‌دا وتى:"له‌ساڵیادى 18 ساڵه‌ى بڕیارى پێکهێنانى دادگاکه‌ و 14 ساڵه‌ى ده‌ستبه‌کار بوونى ئه‌و دادگایه‌ له‌ ڕۆژى دادپه‌روه‌رى جیهانیدا داواکارین:

1-حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان فشار بخاته‌ سه‌ر حکومه‌تى ناوه‌ند بۆ ئه‌وه‌ى په‌یماننامه‌ى ڕۆما واژۆ بکات و ببێته‌ ئه‌ندامى دادگاى نێوده‌وڵه‌تى.

2- داوا له‌ده‌سه‌ڵاتى کوردى ده‌که‌ین داواکارى به‌ئه‌ندامبونى عێراق له‌دادگاى تاوانى لاهاى بکه‌نه‌ یه‌کێک له‌ داواکارییه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان.

3- حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ى هاوڵاتى هه‌رێمى کوردستانن و تاوانى نێونه‌ته‌وه‌ییان ئه‌نجامداوه‌ دادگایى بکات و ناویان بداته‌ پۆلیسى ئه‌نته‌رپول بۆ ده‌ستگیرکردنى هه‌ڵهاتوه‌کانیان و نمونه‌ى 258 تۆمه‌تبارى ئه‌نفال.

4- حکومه‌تى هه‌رێم پێشوازى له‌ هیچ که‌سێک نه‌کات له‌ هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌لایه‌ن دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بانگ کرابێت له‌کاتى سه‌ردانى کردنیان ده‌ستگیریان بکات و ڕاده‌ستى دادگاى ناوبراویان بکات.

5- هه‌ر که‌س و لایه‌نێک ڕیکلام بۆ داعش بکات پێویسته‌ به‌ تاوانى هاوکارى کردنى تیرۆر دادگایى بکرێت.

6- هه‌ر که‌س و لایه‌نێک نکوڵى له‌ جینۆسایدى ئێزدى و کریستیان و پێکهاته‌کانى تر بکات له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ پێویسته‌ سزا بدرێت.

7- پێویسته‌ هه‌مومان خۆمان ئاماده‌ بکه‌ین بۆ قۆناغى دواى هه‌ره‌سى داعش و گروپه‌ تیرۆرستیه‌کانى دیکه‌ .


زۆرترین خوێندراو