بارزانى وئه‌ردۆغان کۆبونه‌وه‌

8/24/2016 8:57:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز







ڕۆژى سێشه‌ممه‌ 23 ى ئابى 2016 ، به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌یاوه‌ریى شاندێک له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رمى سه‌رۆک کۆمارى تورکیا سه‌ردانى وڵاتى تورکیاى کرد و له‌ فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى ئه‌نکارا له‌ لایه‌ن فریدۆن سنرلیئۆغلۆ جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا پێشوازى لێ کرا.

ئێواره‌ى هه‌مان ڕۆژ بارزانى له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆگان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا له‌ کۆشکى کۆماریى تورکیا کۆبۆوه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا که‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و وه‌زیرى وزه‌ و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى حکوومه‌تى تورکیا ئاماده‌ى بوون، سه‌رۆک کۆمارى تورکیا خۆشحاڵیى خۆى بۆ سه‌ردانى بارزانى نیشاندا و هه‌روه‌ها سوپاسى بارزانى و گه‌لى کوردستانى کرد که‌ له‌ کۆده‌تاکه‌ى تورکیا هاوسۆزى حکوومه‌ت و گه‌لى تورکیا بوونه‌ و له‌ گوته‌یه‌کدا ورده‌کارییه‌کانى کۆده‌تا شکستخواردووه‌که‌ى مانگى ڕابردووى تورکیاى شى کرده‌وه‌. له‌ به‌شێکى دیکه‌ى وته‌کانیدا سه‌رۆک کۆمارى تورکیا باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان وڵاته‌که‌ى و هه‌رێمى کوردستان کرد و جه‌ختى له‌ فراوانکردنى په‌یوه‌ندییه‌کان به‌ تایبه‌ت له‌ بوارى ئابووریى نێوان هه‌ردوولا کرده‌وه‌.

هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا باسى شه‌ڕى تیرۆریستان له‌ عێراق و سووریا و هه‌ڕه‌شه‌ و گۆڕینى تاکتیکى تیرۆریستان و به‌کارهێنانى منداڵ بۆ کارى تیرۆریستى کرا و هه‌نگاوه‌کانى ئازادکردنى شارى موسڵ تاوتوێ کرا.

بارودۆخى گشتیى ناوچه‌که‌ و دوا گۆڕانکارییه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌ى نێوان بارزانى و سه‌رۆک کۆمارى تورکیا بوو.

ئێواره‌ى هه‌مان ڕۆژ بارزانى له‌ کۆشکى چانکاى له‌ لایه‌ن بیناڵى یڵدرم سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا پێشوازى لێ کرا. له‌ دیداره‌که‌دا که‌ وه‌زیرى وزه‌ و جێگرى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیا و ژماره‌یه‌ک ڕاوێژکارى حکوومه‌تى تورکیا ئاماده‌ى بوون بارزانى پیرۆزبایى سه‌رکه‌وتنى ئیراده‌ى گه‌لى تورکیاى کرد له‌ به‌رانبه‌ر کۆده‌تاچیان و وێڕاى ئاماژه‌دان به‌ بارودۆخى ئاڵۆزى ناوچه‌که‌ و هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆر و ته‌حه‌دیاتى به‌رده‌م گه‌لانى ناوچه‌که‌ هاوکارى و کارى هاوبه‌شى هه‌ردوولاى بۆ به‌دیهێنانى ئاشتى و ئارامى به‌ پێویست زانی.

هه‌ر له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانى و ئابوورییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و تورکیا خرایه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ و جه‌خت له‌ هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندیى هه‌ردوولا له‌ بواره‌ جیاجیاکان کرایه‌وه‌.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى دیداره‌که‌دا بیروڕا له‌باره‌ى چۆنییه‌تى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش تاوتوێ کرا. پاش ئه‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ بارزانى و سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى دووقۆڵیدا بارودۆخى سیاسیى ناوچه‌که‌یان تاوتوێ کرد. له‌ کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌یشدا ئێواره‌خوانێک له‌سه‌ر شه‌ره‌فى بارزانى له‌ لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانى تورکیا به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌کى زۆرى به‌رپرسانى سیاسى و حکوومیى تورکیا ساز درا.

شایانى باسه‌ له‌م سه‌ردانه‌دا فواد حوسێن سه‌رۆکى دیوانى سه‌رۆکایه‌تیى هه‌رێم و سه‌فین دزه‌یى گوته‌بێژى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان یاوه‌رى بارزانى بوون.


زۆرترین خوێندراو