نێچیرڤان بارزانى : قۆناغى دواى ئازادکرنه‌وه‌ى شارى موسڵ ده‌بێت زیاتر په‌ره‌رى پێ بدرێت

9/19/2016 5:57:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19 ى ئه‌یلولى 2016، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوازى له‌ دۆگلاس سه‌له‌مان باڵیۆزى نوێى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق و شاندێکى یاوه‌رى کرد.


له‌ دیدارێکدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوو، سه‌له‌مان خۆشحاڵى به‌ یه‌که‌م سه‌ردانى فه‌رمیى خۆى وه‌ک باڵیۆزى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌ربڕی، دواتر باسى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ توندوتۆڵه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان ئه‌مه‌ریکا کرد و هیواى خواست حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌رک و کاره‌کانى پاڵپشت و هاوکار بێت.

جه‌ختیشى له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هاوپه‌یمانان کرده‌وه‌ بۆ داڕشتنى پلانى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى ئازادکردنه‌وه‌ى شارى مووسڵ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوده‌نگ بوون که‌ پێویسته‌ پلانى قۆناغى دواى ئازادکرنه‌وه‌ى شاره‌که‌ش دابڕێژرێت به‌تایبه‌تى له‌ڕووى سیاسى و ئه‌منییه‌وه‌. هیواشى خواست کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هاوکاریى زیاترى مرۆیى پێشکه‌ش به‌ هه‌رێمى کوردستان بکات  بۆ باشتر به‌هاناوه‌هاتنى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى ده‌ستى تیرۆر.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد و هیواى سه‌رکه‌وتنى بۆ باڵیۆزى نوێى ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق خواست و پاڵپشتى و هاوکاریى حکوومه‌تى هه‌رێمیشى بۆ کار و ئه‌رکه‌کانى ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و ئه‌مه‌ریکا و تۆکمه‌کردنى زیاترى ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ى دووپات کرده‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ ئاماده‌ییى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى بۆ هه‌ر هاوکارییه‌ک نیشان دا.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا که‌ پێویسته‌ ئه‌و گفتوگۆیه‌ى ئێستا له‌ نێوان هه‌رێمى کوردستان و حکوومه‌تى فیدرالى عێراق و هاوپه‌یماناندا له‌سه‌ر پلانى ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى ئازادکرنه‌وه‌ى شارى مووسڵ و قۆناغى دواى ئازادکرنه‌وه‌ى شاره‌که‌ هه‌یه‌، زیاتر په‌ره‌رى پێ بدرێت.
 


زۆرترین خوێندراو