تائێستا زیاتر له‌ ٣٥٠٠ که‌س له‌ ده‌وروبه‌رى موسڵ ئاواره‌ى هه‌رێم بوون

10/24/2016 7:48:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز






سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ڕایگه‌یاند تائیستا زیاتر له‌ ٣٥٠٠ که‌س له‌ خه‌ڵکى ناوچه‌کانى ده‌وروبه‌رى موسڵ په‌نایان بۆ هه‌ریمى کوردستان هێناوه‌. 

له‌ لێدوانێکى تایبه‌تدا بۆ (ناوه‌ندى هه‌واڵى ئازاد)، هۆشه‌نگ محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگیى قه‌یرانه‌کان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌ریمى کوردستان ئاشکراى کرد له‌ ده‌ستپێکى ئۆپه‌راسیۆنى ئازادکردنى موسڵ تا ئه‌مڕۆ ٣٥٥٠ هاووڵاتیى ئه‌و ناوچانه‌ ئاواره‌ بوون و ڕوویان له‌ هه‌رێمى کوردستان کرددوه‌. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتیشی، سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ له‌ که‌مپه‌کانى تایبه‌ت به‌ ئاواره‌کانى موسڵ له‌ سنوورى هه‌ردوو پارێزگاى هه‌ولێر و دهۆک نیشته‌جێ کراون و پێداویستیى سه‌ره‌تاییان بۆ دابین کراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماده‌کارییه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ پێشوازى له‌ ئاواره‌کانى شه‌ڕى موسڵ، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ناوه‌ندى هاوبه‌شى هه‌ماهه‌نگیى قه‌یرانه‌کان له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌ (ناوه‌ندى هه‌واڵى ئازاد)ى ڕاگه‌یاند که‌ ده‌ که‌مپى نوێ بۆ نیشته‌جێکردنى ئاواره‌کانى موسڵ له‌ هه‌رێمى کوردستان دروست ده‌کرێت و له‌ ناوه‌ڕاستى مانگى داهاتوودا کاره‌کانیان ته‌واو ده‌بێت و ٣٨٥٠٠ خێزان که‌ ده‌کاته‌ نزیکه‌ى ٢٢٠ هه‌زار که‌س له‌خۆ ده‌گرێت. سه‌رچاوه‌که‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان هه‌روه‌ها پێشبینى کرد به‌هۆى شه‌ڕى ناوشارى موسڵ له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا ژماره‌یه‌کى زیاترى خه‌ڵکى شاره‌که‌ ماڵ و حاڵى خۆیان جێبهێڵن و ڕوو له‌ هه‌ریمى کوردستان بکه‌ن و ئه‌و ژماره‌یه‌ بگاته‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن که‌س.

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌، ئاژانسى هه‌واڵى ئه‌ڵمانیا (دۆچه‌ڤێله‌) بڵاوى کرده‌وه‌ که‌ مانگى سوورى تورکیا ٢٠ ترێله‌ى له‌ که‌لوپه‌ل و جلوبه‌رگ و خۆراکى له‌ ڕێى خاڵى سنووریى ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئاواره‌کانى شه‌ڕى موسڵدا دابه‌ش بکرێت. وه‌ک سه‌رچاوه‌ ئه‌ڵمانییه‌که‌ باسى کردووه‌ بڕیاره‌ مانگى سوورى تورکیا ده‌یان کامیۆنى دیکه‌ى هاوکاریى سه‌ره‌تایى بۆ ئاواره‌کانى موسڵ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێمى کوردستان بکات.


زۆرترین خوێندراو