ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کۆ ده‌بێته‌وه‌

10/26/2016 6:12:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26 ى تشرینى یه‌که‌مى 2016 به‌ سه‌رۆکایه‌تیى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان و ئاماده‌بوونى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران، ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان کۆبووه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆک وه‌زیران به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان کرد و هیواى زووچاکبوونه‌وه‌ى‌ بۆ برینداران له‌ شه‌ڕى دژه‌تیرۆر خواست، هه‌روه‌ها سوپاس و ده‌ستخۆشى و پیزانینى له‌ پێشمه‌رگه‌ و سه‌رکه‌وتنه‌کانیان له‌ هه‌موو به‌ره‌کانى شه‌ڕدا کرد، ده‌ستخۆشى و پێزانینیشى بۆ خه‌ڵک و هێزه‌ ئه‌منییه‌کان و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ و دژه‌تیرۆر و ئاسایش و خۆبه‌خشان له‌ که‌رکووک و به‌ڕێز پارێزگار و کارمه‌ندانى ته‌ندروستى له‌ که‌رکووک دووپات کرده‌وه‌ که‌ مه‌ردانه‌ ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستان بوونه‌وه‌ و تێکیانشکاندن.

ده‌رباره‌ى شه‌ڕى دژه‌تیرۆر و ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى مووسڵیش‌، سه‌رۆک وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ به‌پێى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ عیراق و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى کراوه‌، پێشمه‌رگه‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى ئه‌و شوێنانه‌ى کۆنترۆل کردووته‌وه‌ که‌ به‌پێى ڕێککه‌وتنه‌که‌ بۆى دیارى کرا بوون و ئه‌رکى خۆى ئه‌نجام داوه‌. هه‌روه‌ها پیرۆزبایى له‌ سوپاى عیراق کرد بۆ سه‌رکه‌و‌تنه‌کانى له‌ شه‌ڕدا و سه‌ره‌خۆشى له‌ شه‌هیدان کرد و هیواى زووچاکبوونه‌وه‌ى‌ بۆ برینداران له‌ هێزه‌ عیراقییه‌کان خواست.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش‌ دا که‌ هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى خۆشحاڵه‌ به‌و هه‌ماهه‌نگى و هاوکارییه‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ عیراق و هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌تى‌ و دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ وردى به‌و ڕێککه‌وتنه‌وه‌ پابه‌ند بووه‌، ئه‌مه‌ش‌ مایه‌ى پێزانینى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى و حکوومه‌تى عیراقه‌. ئه‌وه‌یشى نه‌شارده‌وه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان‌ له‌ قۆناغى دواى مووسڵ نیگه‌رانه‌ و پێى وایه‌ ده‌بێ ڕێککه‌و‌تنێکى سیاسى له‌سه‌ر قۆناغى دواى مووسڵ بکرێت.

هه‌روه‌ها باسى له‌ کێشه‌ى ئاواره‌کان کرد که‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌ستى پێکردووه‌ و ئاواره‌کان له‌ ده‌وروبه‌رى موسڵه‌وه‌ به‌ره‌و که‌مپه‌کانى هه‌رێمى کوردستان دێن. 
دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێم له‌به‌ر ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ داراییه‌ى که‌ تیایدایه‌، ناتوانێت وه‌ک پێویست کۆمه‌ک و هاوکارى پێشکه‌ش به‌ ئاواره‌کان بکات، بۆیه‌ داواى له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى کرد که‌ هاوکارییان بکه‌ن.

پاشان وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌کان ڕاپۆرتێکى ده‌رباره‌ى پرۆسه‌ى نه‌وت هه‌ر له‌ به‌دواداگه‌ڕان و دۆزینه‌وه‌، تا به‌ر‌هه‌مهێنان و هه‌نارده‌کردن و فرۆشتن و کارى کۆمپانیاکانى نه‌وت له‌ هه‌رێمى کوردستان و داهاته‌کانى نه‌وت پێشکه‌ش کرد و به‌ وردى تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌و کاریگه‌رییه‌ نه‌رێنییانه‌ى که‌ له‌ ئه‌نجامى شه‌ڕى داعش و دابه‌زینى نرخى نه‌وت، له‌سه‌ر داهاتى هه‌رێمى کوردستان دروست بووه‌، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى نه‌گه‌یشتن به‌ ئامانجى یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ڕۆژانه‌،‌ به‌رچاوڕوونییه‌کى ته‌واویشى ده‌رباره‌ى چۆنیه‌تیى هه‌نارده‌کردن و فرۆشتنى نه‌وت و خه‌رجکردنى داهاته‌کانى و چۆنیه‌تیى به‌کارهێنانیان له‌ بنیاتنانى ژێرخان و جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌کاندا، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى کاره‌بادا پێشکه‌ش کرد.

هه‌ردوو سه‌رۆک وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ستخۆشییان له‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌کان کرد و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کانیش چه‌ندین سه‌رنج و تێبینییان له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ پێشکه‌ش کرد و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان و زیادکردنى داهات و ئه‌نجامدانى چاکسازیى ڕاسته‌قینه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، ئیراده‌یه‌کى جددیش هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌پێى به‌رنامه‌یه‌کى زانستیى بنیاتراو له‌سه‌ر ڕێژه‌ى داهات و خه‌رجییه‌کان، به‌پێى ستاندارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و به‌ هاوکاریى لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌نداره‌کان ڕووبه‌ڕووى قه‌یرانى دارایى ببێته‌وه‌ و هه‌وڵى چاره‌سه‌ر‌کردنى بدات.

قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران دووپاتى کرده‌وه‌ که‌ حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ زۆر بوارى گرنگدا هه‌نگاوى جددى بۆ چاکسازیى ڕاسته‌قینه‌ هه‌ڵناوه‌ و کارى زۆر جددى له‌سه‌ر چاکترکردنى سیسته‌مى کارگێڕى و به‌تایبه‌تى چاکترکردنى سیتسه‌مى کارگێڕیى داراییى گشتى کردووه‌ و تا ڕاده‌یه‌کى باش هاوسه‌نگییه‌کى له‌نێوان داهات و خه‌رجییه‌کاندا دروست کردووه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ هه‌موو که‌رته‌کاندا بکرێت و ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ وێڕاى هه‌موو هه‌نگاوه‌کانى چاکسازیى حکوومه‌ت، هێشتا چه‌ند ته‌حه‌دییه‌کى گه‌وره‌ى ده‌ره‌وه‌ى ‌ئیراده‌ى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌ن، به‌ڵام هه‌نگاوه‌کانى حکوومه‌ت مایه‌ى ئومێد و خۆشحاڵین و به‌ به‌رده‌وامبوونیشیان به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌م قه‌یرانه‌ تێده‌په‌‌ڕێنین.

سه‌رۆک وه‌زیرانیش جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ گه‌لى کوردستان زۆر ته‌نگانه‌ى گه‌وره‌ترى بینیوه‌ و به‌ هه‌وڵ و تێکۆشانى خۆى به‌سه‌ریاندا سه‌رکه‌وتووه‌، قه‌یرانى داراییش له‌ هه‌رێمى کوردستان ڕاسته‌ ته‌حه‌دییه‌کى زۆر گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان کاتدا ده‌رفه‌تێکى گه‌وره‌یشه‌ بۆ به‌خۆداچوو‌نه‌وه‌ و چاکسازى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ و که‌موکوڕییه‌کان. ڕوونیشى کرده‌وه‌ که‌ هه‌نگاوى چاکسازیى باش نراوه‌ و ڕاگه‌یاند حکوومه‌ت له‌سه‌ر چاکسازییه‌کانى به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا وه‌زیرى پیشه‌سازى و بازرگانى به‌وه‌کاله‌ت ڕایگه‌یاند که‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا حکوومه‌تى فیدرالى عیراق بڕى‌ 309 ملیار دینارى پاره‌ى جووتیارانى هه‌رێمى کوردستانى ناردووه‌ که‌ ده‌کاته‌ نیوه‌ى شایسته‌ى جووتیارانى هه‌رێمى کوردستان بۆ هه‌ردوو ساڵى 2014 و 2015 و کاریگه‌ریى ئه‌رێنى له‌سه‌ر زیاتر 100 هه‌زار خانه‌واده‌ ده‌بێت. ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئه‌مه‌ى به‌ هه‌نگاوێکى ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و سوپاسى به‌ڕێز سه‌رۆک وه‌زیران و وه‌زیرى بازرگانیى عیراقى کرد و داواى کرد حکوومه‌تى فیدرالى عیراق ئه‌و نیوه‌یه‌یشى که‌ ماوه‌ له‌گه‌ڵ شایسته‌ى جووتیارانى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌مساڵى 2016 بنێرێت.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى، ڕه‌شنووسى ستراتیژى پێنج ساڵى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌ هه‌رێمى کوردستان خسته‌ ڕوو. دواى گفتوگۆى ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کان له‌سه‌ر ڕه‌شنووسه‌که‌ و چۆنیه‌تیى بنبڕکرنى گه‌نده‌ڵى، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند کرا.

ئینجا وه‌زیرى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى دوو ڕاپۆرتى سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ى پێدانى قه‌رزى بچووک له‌ هه‌رێمى کوردسان و بابه‌تى پاره‌ى سه‌ندووقى ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌ وه‌زاره‌تى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى پێشکه‌ش کرد. 

دواتر له‌ لایه‌ن وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کانه‌وه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆکى پڕۆژه‌که‌وه‌ کرا و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بڕیارى دا که‌ له‌ کۆبوونه‌ویه‌کى تایبه‌تدا به‌ ئاماده‌بوونى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کان به‌ وردى گفتوگۆ و پێداچوونه‌وه‌ به‌و زانیاریانه‌دا بکرێت که‌ له‌لایه‌ن وه‌زیرى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ خرانه‌ ڕوو، دواتریش بڕیارى کۆتایى لێبدرێت.


زۆرترین خوێندراو