نێچیرڤان بارزانى و ئه‌لحه‌کیم سه‌رکه‌وتنه‌کانى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق به‌رز ده‌نرخێنن

10/26/2016 6:34:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 26ى تشرینى یه‌که‌مى 2016 ، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان، پێشوزاى له‌ عه‌ممار ئه‌لحه‌کیم سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئیسلامى له‌ عێراق و شاندێکى یاوه‌رى کرد.

له‌ دیدارێکدا که‌ قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران و ژماره‌یه‌ک له‌ وه‌زیر و کاربه‌ده‌ستانى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ى بوون، باس له‌ دوا پێشهاته‌کانى ڕووداوه‌کانى ناوچه‌که‌ کرا به‌تایبه‌تى هه‌ماهه‌نگیى پێویست و ته‌واو له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق بۆ ڕزگارکردنى مووسڵ و ده‌وروبه‌رى و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ عه‌ممار حه‌کیم سه‌ره‌خۆشى له‌ که‌سوکارى شه‌هیدانى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق کرد و هیواى چاکبوونه‌وه‌ى بۆ برینداران خواست.

دووپاتیشى کرده‌وه‌ که‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانى مووسڵ سه‌لماندى ئه‌گه‌ر ئیراده‌ى سیاسى هه‌بێت، ده‌کرێت هه‌ماهه‌نگیى پێویست بکرێت و به‌رده‌وامیش ده‌بن له‌م هه‌نگاوانه‌ و هیواى خواست له‌ ماوه‌یه‌کى زوودا عێراق به‌گشتى له‌و مه‌ینه‌تییه‌ ڕزگارى ببێت.

لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان سوپاسى ئه‌و سه‌ردانه‌ى کرد و هه‌ماهه‌نگى و هاوکاریى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقى فیدراڵى له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش و ڕزگارکردنى مووسڵدا به‌رز نرخاند، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ له‌و هه‌ماهه‌نگییه‌یان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تى فیدرال به‌رده‌وام ده‌بن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا که‌ هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یه‌ هه‌موو کێشه‌کانى له‌گه‌ڵ به‌غد به‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ  و گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بکات و په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غداش له‌ داهاتوودا به‌هێزتر و باشتر بکرێت و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وامن، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌ش کرده‌وه‌ که‌ پێویسته‌ به‌غدا له‌ پرسى ئاواره‌کانى ده‌ستى تیرۆر که‌ پێشبینى ده‌کرێت ژماره‌یه‌کى زیاتریان ڕوو له‌ هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن، هاوکاریى حکوومه‌تى هه‌رێم بکات تا بتوانرێت باشتر هاوکاریى ئاواره‌کان بکرێت.
 


زۆرترین خوێندراو