هه‌ڵمه‌تى قه‌ده‌غه‌کردنى گۆشتى سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌رده‌وام ده‌بێت

2/20/2017 6:24:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








هه‌ڵمه‌ته‌که‌ى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى بۆ قه‌ده‌غه‌کردنى فرۆشتنى گۆشت له‌سه‌رشه‌قامه‌کان به‌رده‌وامه‌ و له‌ هه‌ڵمه‌تێکى به‌رفراواندا که‌ له‌ چه‌ند شه‌قام و رێگه‌یه‌کى سه‌ره‌کى به‌ڕێوه‌چوو ده‌ستگیرا به‌سه‌ر بڕێکى زۆر گۆشت و چه‌ند که‌ره‌سته‌یه‌کى تایبه‌ت به‌و کاره‌.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 20 ى شوباتى 2017 لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ لیواى یه‌کى پاراستنى سلێمانى هه‌ڵمه‌تێکى به‌رفراوانیان ده‌ستپێکرد بۆ قه‌ده‌غه‌کردنى دیاره‌ى فرۆشتنى کۆشتى ئاژه‌ڵ له‌سه‌ر شه‌قام و رێگه‌ سه‌ره‌کییه‌کان .

 گۆران قادر سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى رایگه‌یاند له‌به‌رده‌وامى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى که‌ چه‌ند رۆژێکه‌ له‌سه‌ر فه‌رمانى قائیمقامى سلێمانى بۆ رێگرى کردن له‌ فرۆشتنى گۆشتى ئاژه‌ڵ ده‌ستیان پێکردووه‌ له‌چه‌ند شه‌قام و رێگه‌یه‌کى سه‌ره‌کى توانیان ده‌ستبگرن به‌سه‌ر بڕێکى زۆر گۆشت و چه‌ند که‌ره‌سته‌یه‌کى تایبه‌ت به‌و کاره‌ .

ووتیشى ئامانج له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یان پاراستنى ته‌ندروستى هاوڵاتیانه‌ له‌ رێگه‌ى قه‌ده‌غه‌کردنى فرۆشتنى گۆشتى   ئاژه‌ڵه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان چونکه‌ هه‌موو ئه‌و گۆشتانه‌ى که‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێت پاش ئه‌وه‌ى پشکنینیان بۆ ده‌کرێت ده‌رده‌که‌وێت گونجاو نین بۆ خواردن.

  سه‌رۆکى لیژنه‌هاوبه‌شه‌کانى قائیمقامیه‌تى سلێمانى ئاشکراشى کرد به‌رده‌وام ده‌بن له‌ هه‌ڵمه‌ته‌که‌یان چونکه‌ به‌شێکى زۆرى ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ى که‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان سه‌رده‌بڕدرێن نه‌خۆشن و ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن به‌بڕێک پاره‌ى که‌م ده‌یکڕن و دواتر گۆشته‌که‌ی به‌نرخێکى که‌متر بازاڕ ده‌فرۆشن , داواشى له‌ هاوڵاتیان کرد به‌ووریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دیارده‌یه‌دا بکه‌ن و پانا نه‌به‌ن بۆ کڕینى ئه‌و گۆشتانه‌ى که‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان ده‌فرۆشرێن چونکه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ رووى ته‌ندروستیه‌وه‌ گونجاو نیه‌ بۆ خواردن .


زۆرترین خوێندراو