بارزانى له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاکادیمى و سه‌رۆک هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا و مه‌خمور کۆده‌بێته‌وه‌

6/21/2017 8:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ڕۆژى چوارشه‌ممه‌ 21ى حوزه‌یرانى 2017 له‌ شارى هه‌ولێر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى شیکردنه‌وه‌ى دوایین پێشهاته‌ سیاسییه‌کان و بارودۆخى شارى موسڵ و ڕیفراندۆم و گوزه‌رانى ئاواره‌کان و ئاگاداربوون له‌ کێشه‌ و گرفته‌کانیان له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاکادیمى و سه‌رۆک هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا و مه‌خموور کۆبۆوه‌.

له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا بارزانى له‌ وته‌یه‌کدا ئاماژه‌ى به‌ بارودۆخى سیاسى و ئه‌منیى پارێزگاى نه‌ینه‌وا و تێکشکانى سه‌ربازیى تیرۆریستانى داعش دا و جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر هۆکاره‌کانى ده‌رکه‌وتنى داعش چاره‌سه‌ر نه‌کرێت هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ى داعش به‌ شێوازى جۆراوجۆر به‌رده‌وام ده‌بێت و پێویسته‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌کان نه‌کرێ به‌ڵکۆ هۆکاره‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن. بارزانى هێمایشى به‌وه‌دا که‌ چاره‌نووسى هه‌موو لایه‌کمان هاوبه‌شه‌ و یارمه‌تیدانى ئاواره‌کانیشى به‌ ئه‌رکێکى مرۆڤى و برایانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

له‌ به‌شێکى ترى وته‌کانیدا بارزانى ڕۆشنایى خسته‌سه‌ر بڕیارى ڕیفراندۆمى گه‌لى کوردستان که‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌زموونێکى تاڵ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى عێراق دراوه‌ و به‌ دوورودرێژى باسى ئه‌و نه‌هامه‌تى و کاره‌ساتانه‌ى کرد که‌ له‌ سه‌ده‌ى ڕابردوو له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانى عێراق به‌سه‌ر گه‌لى کوردستاندا هاتووه‌ و مه‌رجى شه‌راکه‌ت له‌گه‌ڵ گه‌لى کورد له‌ لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانى عێراق پێشێل کراوه‌.

بارزانى له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا باسى له‌ قۆناغى دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عس کرد و باسى له‌ به‌شداریى کاراى کوردستان کرد له‌ دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق و نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوور به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کى نا یاسایى و ناده‌ستوورى وه‌ک سزادانى هه‌رێم نانى خه‌ڵکى کوردستان بڕدرا و هه‌ر له‌وه‌ ڕۆژه‌ى بڕیاریان له‌ بڕینى قووتى خه‌ڵکى کوردستان دا هه‌ر ئه‌وانه‌یش بڕیاریان له‌ دابه‌شکردنى عێراق دا. 

بارزانى مانه‌وه‌ى بارودۆخى عێراقى به‌مشێوه‌یه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسى زانى و ئه‌وه‌یشى خسته‌ڕوو که‌ ناکرێ له‌ عێراقێکى یه‌کگرتوودا بمێنینه‌وه‌ و شه‌ێ‌ بکه‌ین و کێشه‌کان قووڵتر ببنه‌وه‌ و دواى ڕیفراندۆمیش کوردستان ده‌که‌وێته‌ گفتگۆ و لێکتێگه‌ییشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ گه‌ییشتن به‌ چاره‌سه‌رى گونجاو و ئاشتیانه‌ و به‌غدا و هه‌ولێریش قووڵایى ستراتیژیى یه‌کتر ده‌مێننه‌وه‌.

هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا نوێنه‌رانى که‌سایه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاکادیمى و سه‌رۆک هۆزه‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا و مه‌خموور پرسیار و تێبینى و نیگه‌رانییه‌کانیان له‌باره‌ى بارودۆخى ئاواره‌کان و ئایینده‌ى ناوچه‌کانیان خسته‌ڕوو ، بارزانی  وه‌ڵامى تێبینى و پرسیاره‌کانى دایه‌وه‌ و ئاماده‌بوانى له‌وه‌ دڵنیا کرده‌وه‌ که‌ فه‌رهه‌نگى گه‌لى کوردستان فه‌رهه‌نگى پاراستنى که‌رامه‌تى مرۆڤ و دژى جیاکارییه‌ له‌نێوان پێکهاته‌کان، ئه‌وه‌یشى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ داعش بێت چاره‌نووسى داعشى ده‌بێت و ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ داعش نه‌بووبێت که‌رامه‌تى پارێزراوه‌ و براى ئێمه‌یه‌.

بارزانى داوایشى له‌ که‌سایه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاکادیمى و سه‌رۆک هۆزه‌ عه‌ره‌به‌کانى پارێزگاى نه‌ینه‌وا و مه‌خموور کرد که‌ به‌ ئازادییه‌کى ته‌واو له‌ ڕیفراندۆمدا به‌شدار بن و خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ چ بڕیارێک له‌ چاره‌نووسى خۆى ده‌دات ئه‌و بڕیاره‌ جێبه‌جێ ده‌کرێ و هیچ سیغه‌یه‌ک به‌سه‌ریاندا ناسه‌پێندرێت.


ڤیدیۆ ... ده‌قى وتارى به‌رێز مه‌سعود بارزانى  .


زۆرترین خوێندراو