کۆبوونه‌وه‌ى وه‌رزى کشتوکاڵى سلێمانى چه‌ند بریارێک په‌سه‌ند ده‌کات‎

7/20/2017 10:46:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ئه‌مرۆ 20ى ته‌موزى 2017 به‌سه‌رپه‌ره‌شتى عومه‌ر قه‌ڵادزێی له‌برى پارێزگارى سلێمانی، کۆبوونه‌وه‌ى وه‌رزى کشتوکاڵى سلێمانى به‌رێوه‌چوو، به‌ ئاماده‌بوونى قائیمقامى قه‌زاى ناوه‌ندى سلێمانى و  لیژنه‌ى کشتوکاڵى په‌رله‌مانى کوردستان و به‌رێوه‌به‌رى گشتى کشتوکاڵى سلێمانى و به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى کشتوکاڵ و ئاودێر و سامانى ئاژه‌ڵ و  ژوورى بازرگانى و سه‌ندیکاى جوتیاران و عه‌لوه‌ و گومرک و ژماره‌یه‌ک لایه‌نى ترى په‌یوه‌ندیدار.

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا جگه‌له‌ پێداچووه‌نه‌وه‌ به‌ بریاره‌کانى کۆبوونه‌وه‌ى رابردوو، هه‌ڵسه‌نگاندنى وردو فراوان کرا بۆ بارودۆخى کشتوکاڵ له‌ پارێزگاى سلێمانى و کێشه‌کانى به‌تایبه‌ت به‌م که‌رته‌ له‌بواره‌کانى به‌رهه‌مهێنان و به‌بازارکردن و زیاده‌ڕه‌وی.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ نه‌یشارده‌وه‌ که‌ به‌هۆى قه‌یرانى دارایى و سیاسیه‌کانه‌وه‌ که‌رتى کشتوکاڵ پاشه‌کشه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ دیووه‌.

له‌و رووه‌شه‌وه‌ جێگرى به‌رێوه‌به‌رى کشتوکاڵى پارێزگاى سلێمانى رایگه‌یاند: 
کشتوکاڵ به‌هۆى قه‌یرانه‌کانه‌وه‌ له‌بوارى به‌رهه‌مهێنان و به‌کارهێنان و هاورده‌کردندا 20% له‌چاو پێشتردا پاشه‌کشه‌ى کردووه‌.
روونیشى کرده‌وه‌ به‌کارهێنانى سه‌وزه‌ رۆژانه‌ له‌ 21 ته‌نه‌وه‌ دابه‌زیووه‌ بۆ 16 ته‌ن و میوه‌ش له‌ 9ته‌نه‌وه‌ دابه‌زیووه‌ بۆ 7 ته‌ن و هاورده‌ى به‌رهه‌مى کشتوکاڵیش له‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم 50% که‌مى کردووه‌.

جێگرى به‌رێوه‌به‌رى کشتوکاڵى پارێزگاى سلێمانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش کرد له‌بوارى که‌رتى ئاژه‌ڵیدا بارودۆخه‌که‌ باشه‌و زۆربه‌ى جوتیاران روویان له‌م بواره‌ کردووه‌ و بازارى ساغکردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى کوشتیش له‌ئاستى خۆیدا وه‌ستاوه‌و دانه‌به‌زیووه‌.
روونیشى کرده‌وه‌ له‌ پارێزگاى سلێمانى ساڵانه‌ 45 ملیون مریشک به‌رهه‌م ده‌هێنرێت که‌ نزیکه‌ى 80 هه‌زار ته‌ن گۆشت ده‌کات، له‌ کاتێکدا پێویستى پارێزگاکه‌ ساڵانه‌ 60 ته‌نه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا و له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌رى گشتى کشتوکاڵى سلێمانییه‌وه‌ ته‌ئکید له‌ دابه‌زاندنى ده‌سه‌ڵاته‌کان و نه‌بوونى بودجه‌ کرایه‌وه‌و رایگه‌یاند: گله‌ى زۆریان هه‌یه‌و کێشه‌ى گه‌وره‌یان نه‌بوونى ده‌سه‌ڵاتى پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ى کاروباره‌کانیان راپه‌رێنن. 

به‌شێکى زۆرى کۆبوونه‌وه‌که‌ش ته‌رخانکرا به‌ بابه‌ته‌ى ساغ کردنه‌وه‌و دۆزینه‌وه‌ى بازار بۆ به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵییه‌کان و له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ چه‌ندین پێشنیار خرایه‌روو.

هه‌روه‌ک باس له‌و زیاده‌ره‌ویانه‌ش کرا که‌ ده‌کرێته‌ سه‌ر  زه‌وى کشتوکاڵى و ئاوى ژێرزه‌وى بریاردرا به‌دواداچوونى جدى له‌و باره‌یه‌وه‌ بکرێت. 

له‌ کۆتایى کۆبوونه‌وه‌که‌دا چه‌ند بریارێک په‌سه‌ند کرا له‌وانه‌:

له‌گه‌ڵ وه‌زیرى کشتوکاڵى هه‌رێم کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، به‌ مه‌به‌ستى دابه‌زاندنى ده‌سه‌ڵاته‌کان بۆ پارێزگاکان و هه‌روه‌ها باسکردنى به‌بازارکردنى به‌رهه‌م کشتوکاڵییه‌کان.
هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵ وه‌زیرى کشتوکاڵ تاوتوى سیاسه‌تى به‌بازارکردن له‌گه‌ڵ به‌غداد و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کێشه‌ى ئاوه‌ هه‌رێمییه‌کان بکرێت.
کۆبوونه‌وه‌ بریاریشدا که‌ چاودێرى بازرگانى به‌رهه‌مه‌ کشتوکاڵییه‌کان رێکبخرێته‌وه‌و کرێى گواستنه‌وه‌ى به‌رهه‌مى کشتوکاڵى له‌ عه‌لوه‌کان(حموله‌) له‌ 6% زیاتر نه‌بێت و له‌ جوتیار وه‌رنه‌گیرێت.

بریاریشدرا له‌گه‌ڵ قائیمقامیه‌تى سلێمانى شاره‌وانى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان کارى پێویست له‌سه‌ر بنه‌بڕکردنى فرۆشتن و به‌رهه‌مهێنانى سه‌وزه‌ى ئاوى پیس بکرێت.
له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى  له‌سه‌ر ئاوى ژێر زه‌وى به‌هۆى زیاده‌ڕه‌ویه‌وه‌ دروست بووه‌ به‌جدى له‌به‌رچاو گیراو بریاردرا بۆ کۆنترۆڵى ئه‌و دیارده‌یه‌ رێوشوێنى پێویست بگیرێته‌به‌ر.

هه‌روه‌ک ته‌ئکید کرایه‌وه‌ هه‌ر به‌رهه‌مێکى کشتوکاڵى که‌ به‌شێوه‌ى قاچاخ هاتبێته‌ بازاره‌کان ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و خاوه‌نه‌که‌ى غرامه‌ ده‌کرێت و به‌رهه‌مه‌که‌ش ره‌وانه‌ى شوێنى خۆى ده‌کرێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو