لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا به‌دواداچوون بۆ کێشه‌ى وه‌رگرتنى خوێندکاران له‌ زانکۆ و په‌یمانگه‌کان ده‌کات

11/22/2017 3:44:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، ژماره‌یه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى بانگهێشت کرد بۆ لیژنه‌که‌یان به‌مه‌به‌ستى دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى گونجاو بۆ  گیروگرفتى خوێندکاران له‌کاتى وه‌رگرتنیان له‌ زانکۆ و په‌یمانگه‌کاندا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 22ى تشرینى دووه‌مى 2017، لیژنه‌ى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى له‌ په‌رله‌مانى کوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیى ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سمۆ، سه‌رۆکى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى جێگر و بڕیارده‌ر و زۆربه‌ى ئه‌ندامانى و راوێژکارانى لیژنه‌که‌، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى له‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا که‌ له‌سه‌ر بانگهێشتى لیژنه‌که‌ هاتبوونه‌ په‌رله‌مان، کۆبۆوه‌.

مه‌به‌ست له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌رێکى گونجاو بوو بۆ گیروگرفتى خوێندکاران له‌کاتى وه‌رگرتنیان له‌ زانکۆ و په‌یمانگاکان که‌ چه‌ند ساڵێکه‌ ئه‌و کێشه‌ و گیروگرفتانه‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، که‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌که‌ش له‌ به‌دواداچوونیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن خوێندکارانه‌وه‌ رووبه‌ڕوویان کرابۆوه‌.

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌ وردى باس له‌ وه‌رگرتنى خوێندکاران له‌ زانکۆ و په‌یمانگه‌کان کرا و ئه‌ندامانى لیژنه‌که‌ تیشکیان خسته‌ سه‌ر که‌موکوڕییه‌کان و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کانیش له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى سه‌رۆک و جێگر و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى لیژنه‌که‌ به‌لێنیاندا که‌ بۆ ساڵى داهاتوو ئه‌و گرفتانه‌ نه‌هێڵن.

له‌ به‌شێکى ترى کۆبوونه‌وه‌که‌دا باس له‌ پێدانى 10 نمره‌ به‌ خوێندکاران کرا و هه‌روه‌ها وانه‌ى عبور که‌ چه‌ند جارێک خوێندکاران خۆپیشاندانیان له‌سه‌رى ئه‌نجامداوه‌، به‌ چڕى گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ کرا.


زۆرترین خوێندراو