سلێمانى .... بڕى به‌رهه‌مه‌ هاورده‌کراوه‌کان دیاریده‌کرێن

5/22/2018 9:48:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








چاودیرى نرخ و کوالیتى خۆراک زیاد ده‌کرێت بۆ هاوسه‌نگ ڕاگرتنى به‌روبومى هاورده‌و ڕێگرى کردن له‌ زیاد نه‌بوونى نرخ، جێگرى به‌رێوه‌به‌رى کشتوکاڵى سلێمانی-ش رایده‌گه‌یه‌نێت ڕێوشوێنه‌کانى ڕێگرى کردن له‌به‌رزبونه‌وه‌ى نرخ و پاراستنى به‌رهه‌مى ناوخۆ ده‌گیرێته‌ به‌ر. 
له‌ دیوانى قائیمقامیه‌ت ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامى سلێمانى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دیارى کردنى به‌روبومى ئاژه‌ڵى و په‌له‌وه‌رى پارێزگاى سلێمانیدا کۆبوویه‌وه‌، پاش هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ئاستى به‌رهه‌مهێنانى به‌روبومى ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونه‌وه‌ به‌بڕى ئه‌و به‌روبوم وپێداویستیانه‌دا بکرێت که‌ هاورده‌ى پارێزگاى سلێمانى ده‌کرێت.

به‌له‌به‌رچاوگرتنى به‌رزنه‌بونه‌وه‌ى نرخ له‌مانگى ره‌مه‌زانى پیرۆزدا که‌ خواست له‌م مانگه‌دا زۆره‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مه‌کان به‌تایبه‌ت مریشک، بریار درا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نرخ به‌رز نه‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا گرنگى به‌به‌رهه‌مى ناوخۆ بدرێت تا له‌بازاره‌کاندا ساغ ببێته‌وه‌.

له‌ دواى کۆبونه‌وه‌که‌ش رزگار حمد خدر- جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کشتوکاڵى سلێمانى ووتی: به‌له‌به‌رچاووگرتنى هاوسه‌نگى راگرتن له‌ نێوان به‌رهه‌مى ناوخۆ و هاورده‌کراو، هه‌روه‌ها به‌رز نه‌بوونه‌وه‌ى نرخى به‌رهه‌مى په‌له‌وه‌ر له‌سه‌ر هاوڵاتیان، لیژنه‌که‌ بڕیارى له‌سه‌ر بڕى به‌رهه‌مى هاورده‌کراو دراوه‌ .

رزگار حمد ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد: بڕى ئه‌و به‌روبومانه‌ى له‌ مانگى حوزه‌یران هاورده‌ ده‌کرێن بریتى یه‌ له‌ 800 تۆن ماسی، 1000 تۆن مریشکى به‌ستوو له‌ به‌پێى پشکنینى ته‌ندروستى و 500 تۆن گۆشتى سور و 510 تۆن هێلکه‌ى خواردن.


زۆرترین خوێندراو