دیندار زێباری داوا له‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌کات هاوکارییه‌کانیان بۆ ئاواره‌کانى هه‌رێم زیاتر بکه‌ن

6/20/2018 9:20:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








دیندار زێباری: داوا له‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌که‌ین که‌ هاوکارییه‌کانیان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران  له‌ هه‌رێمى کوردستان زیاتر بکه‌ن

دیندار زێباری: ژماره‌ى ئاواره‌کان له‌ زیاد بوونه‌ به‌هۆى ململانێى تائیفی، بوونى میلیشیاکان و مه‌ترسى بوونى تیرۆریستان له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠١٨ وه‌ نزیکه‌ى ٦ هه‌زار که‌س ئاواره‌ى هه‌رێم بوون

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ پابه‌ندبوونى به‌ بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و پرینسیپ و به‌هاکانى مافى مرۆڤ به‌رده‌وام په‌ناگه‌ى ئارام بووه‌ بۆ خه‌ڵکى لێقه‌وماو و ده‌رگاى کراوه‌بووه‌ به‌رووى ئاواره‌ وپه‌نابه‌راندا به‌ هه‌موو پێکهاته‌ ئایینی، مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌ییه‌کان له‌ عێراق و وڵاتانى دراوسێ. هاتنى به‌ لێشاوى ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران واى کردووه‌ که‌ ژماره‌ى دانیشتوان له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ رێژه‌ى ٣٢% زیاد بکات و به‌مه‌ش حکومه‌تى هه‌رێم که‌وتووه‌ته‌ ژێر بارى ئه‌رکێکى قورسه‌وه‌ به‌تایبه‌تى له‌ رووى ئابوورییه‌وه‌. به‌پێى دواین ئاماره‌کان رێژه‌ى په‌نابه‌رانى رۆژئاوا له‌ هه‌رێمى کوردستان گه‌یشتووه‌ته‌ ٢٤٢ هه‌زار ، په‌نابه‌رانى باکوور 21 هه‌زار، رۆژهه‌ڵات 13 هه‌زار و کۆى گشتیان گه‌شتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 277 هه‌زار که‌س، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ ملیۆنێک و  سه‌د هه‌زار ئاواره‌مان له‌ ئێستادا له‌ هه‌رێم هه‌یه‌ که‌ پێکدێن له‌ پێکهاته‌ى برا عه‌ره‌به‌کان، کوردانى ئێزیدی، مه‌سیحی، کاکه‌یی، شه‌به‌ک و پێکهاته‌کانى دیکه‌.

د.دیندار زێبارى رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ رۆژى جیهانى په‌نابه‌راندا رایگه‌یاند" حکومه‌تى هه‌رێم هیچکات سیاسه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌بووه‌ به‌ زۆر ئه‌م ئاواره‌  و په‌نابه‌رانه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ شوێنه‌کانیان و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ناچار به‌م کاره‌ى نه‌کردوون به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌وڵى جددى داوه‌ بۆ دابینکردنى پێداویستییه‌ مرۆییه‌کان بۆیان و پاراستنى سه‌رجه‌ممافه‌کانیان له‌ هه‌رێمى کوردستاندا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بمێننه‌وه‌ ئه‌گه‌رچى خۆى فشارێکى زۆرى له‌سه‌ر بووه‌. شایه‌نى ئاماژه‌ پێکردنه‌ ئه‌وانه‌ى که‌ به‌ خواستى خۆیان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ له‌ مانگى ئایار رێژه‌که‌یان 2055 که‌سه‌".

رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ئاماژه‌ى به‌وه‌ کرد که‌ بڕى تێچووى خه‌ملێنراو بۆ دابین کردنى پێداویستى کۆمه‌ڵایه‌تی، په‌روه‌رده‌یی، ئابوورى و مرۆیى ئاواره‌کان و پاراستنى سه‌رجه‌ممافه‌کانیان له‌ هه‌رێمى کوردستان بریتیه‌ له‌ ملیارێک و 988 ملیۆن دۆلار له‌ ساڵێکدا.  هه‌روه‌ها تێچووى دابینکردنى پێداویستییه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌کانى ڕۆژانه‌ى هه‌ر ئاواره‌یه‌ک، وه‌کو شوێنیحه‌وانه‌وه‌، ئاسایش، ئاو و پاکوخاوێنی، کاره‌با، ته‌ندروستی، په‌روه‌رده‌، به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانى که‌مپه‌کان ده‌کاته‌ 5 ملیۆن و 550 هه‌زار دۆلارى ئه‌مریکی. له‌ ئێستادا ژماره‌ى که‌مپه‌کان ٣٩ که‌مپه‌ که‌ ٩ که‌مپیان تایبه‌ته‌ به‌ په‌نابه‌ران و ٣٠ که‌مپیش بۆ ئاواره‌کان.

ژماره‌ى ئاواره‌کان له‌ هه‌رێمى کوردستان رۆژ له‌ دواى رۆژ روو له‌ زیاد بوونه‌ به‌هۆى ململانێى تائیفی، بوونى میلیشیاکان و بوونى شانه‌ى نووستووى تیرۆریستان به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ندێک له‌ ناوچه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم واى کردووه‌ ژماره‌یه‌کى زۆر ئاواره‌ روو له‌ هه‌رێم بکه‌ن و ئه‌وانه‌ش لێره‌ن نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌کانى خۆیان بۆ نموونه‌ هه‌ر له‌ مانگى ئایارى ساڵى ٢٠١٨ دا 592 که‌س ئاواره‌ى هه‌رێمى کوردستان بوونه‌ که‌ زۆرینه‌یان له‌ موسڵه‌وه‌ هاتوون، هه‌روه‌ها له‌ مانگى ١ى ٢٠١٨ تا ئه‌مڕۆ ئه‌و ژماره‌یه‌ گه‌شتووه‌ته‌ 5981 که‌س.

سه‌باره‌ت به‌ دابین کردنى هه‌لى کار بۆ ئاواره‌  وپه‌نابه‌ران رێکخه‌رى راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان رایگه‌یاند"حکومه‌تى هه‌رێم، سیاسه‌تێکى بۆ سه‌رجه‌م ئاواره‌ و په‌نابه‌ران په‌یڕه‌و کرد له‌سه‌ر بنه‌مایمافى مرۆڤ ئه‌وه‌ش پێدانى مۆڵه‌تى نشینگه‌ وکارکردن بوو. ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆکارێک بۆ ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى کارکردن بۆ ژماره‌یه‌کى زۆرى ئاواره‌ و په‌نابه‌ر و ئامارێکى دڵخۆشکه‌رى رێژه‌ى کاریبه‌رهه‌م هێنا، که‌ ٦٣،٥ ٪ى ئاواره‌کان و ٨٧،٩ ٪ى په‌نابه‌رانى سوریا ئه‌وانه‌ى ده‌توانن کاربکه‌ن، کار ده‌که‌ن و داهاتێک وه‌ده‌ست ده‌خه‌ن له‌ ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ى که‌مپه‌کان".

له‌ درێژه‌ى قسه‌کانیدا زێبارى جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ رێکخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، رێکخراوه‌ نێوده‌وله‌تییه‌کان و ئاژانسه‌کانى یوئێن هاوکاربوونه‌ بۆ باشتر کردنى ره‌وشى مرۆیى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ مانه‌وه‌ى ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ ئاواره‌یه‌ و زیادبوونى خێراى ژماره‌ى دانیشتوان به‌هۆى هاتنى ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران حکومه‌تى هه‌رێمى خستووه‌ته‌ ژێر بارى ئه‌رکێکى قورسه‌وه‌ و ناتوانێت به‌ ته‌نها رووبه‌رووى ئه‌م ره‌وشه‌ ببێته‌وه‌ بۆیه‌ داوا ده‌که‌ین له‌ کۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى و رێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان که‌ هاوکارییه‌کانیان بۆ ئاواره‌و په‌نابه‌ران زیاتر بکه‌ن به‌تایبه‌تى له‌رووى دابین کردنى پێداویستى ته‌ندروستى و په‌روه‌ده‌ و دابینکردنى شوێنى حه‌وانه‌وه‌ بۆیان".



زۆرترین خوێندراو