ئاماژه‌ به‌پشتیوان و دژبه‌ره‌کانى پرۆژه‌یه‌کى سه‌در ده‌کرێ

1/12/2017 10:14:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







موقته‌دا سه‌در سه‌رۆکى ڕه‌وتى سه‌در له‌ عێراق پرۆژه‌یه‌کى ٣٥ خاڵى له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عێراق ڕه‌وانه‌ى په‌رله‌مان کردووه‌، پرۆژه‌که‌ به‌ پیشتیوانیکردنى هه‌ندێ لایه‌نى سوننه‌ و دژایه‌تیى شیعه‌ ڕێره‌وى خۆى گرتووه‌.

به‌پێی هه‌واڵێکى مه‌دا پرێس، خالد مه‌فره‌جى وته‌بێژى هاوپه‌یمانى هێزه‌کان پێشوازیى لیسته‌که‌یان بۆ ده‌ستپێشخه‌ریه‌کانى سه‌در رایگه‌یاندووه‌ و پێێان وایه‌ ڕێچکه‌یه‌کى گۆنجاوه‌ بۆ قۆناغى داهاتوو، قودسى عه‌ره‌بیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى یاساوه‌ ڕه‌تکراوه‌ته‌وه‌.

مه‌داپرێس له‌سه‌ر زارى وته‌بێژى هاوپه‌یمانى هێزه‌کان که‌ به‌زۆرى له‌ هیزه‌ سوننه‌کانى عێراق پێکدێن ڕایگه‌یاندووه‌، ئه‌و پرۆژه‌ى که‌ موقته‌دا سه‌در رڕایگه‌یاندووه‌ ڕێگه‌یه‌کى نوێیه‌ هاوپه‌یمانیێتیه‌که‌یان به‌ فه‌رمى ڕایده‌گه‌ینێت که‌ کارێکى ئه‌رێنیه‌ و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک پیشیتوانى سه‌رخستنى پرۆژه‌که‌ ده‌کات. مه‌فره‌جى ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وان هیواخوازن هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو شه‌فاف و پاک بن و دوور بن له‌ هه‌ژموونى حزبى و ببێته‌ هه‌لێک بۆ لایه‌نه‌کان تا به‌ هه‌ڵه‌کانى پێشوویاندا بچنه‌وه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا، (قودسى عه‌ره‌بی) له‌سه‌ر زارى په‌رله‌مانتارێکى ده‌وڵه‌تى یاسا به‌ سه‌رۆکایه‌تى نوورى مالیکى ڕایگه‌یاندووه‌ که‌ پرۆژه‌که‌ى سه‌در پێویستى به‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و گه‌نگه‌شه‌کردنه‌، چونکه‌ ڕایگه‌یاندنى پرۆژه‌که‌ له‌ ده‌زگاکانى ڕاگه‌یاندندا ده‌که‌وێته‌ چوارچێوه‌ى پرۆپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه‌. ته‌ها دیفاعى ده‌ڵێت "پێویسته‌ نوێنه‌رى کوتله‌ى ئه‌حرار خاڵه‌کانى پرۆژه‌ى سه‌در له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان گفتوگۆ بکات چونکه‌ چه‌ندین پێشنیازى دیکه‌ش له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتوو هه‌ن و ئاراسته‌ى په‌رله‌مان ده‌کرێن به‌ مه‌به‌ستى  په‌سه‌ندکردنیان.

موقته‌دا سه‌در پرۆژه‌یه‌ک به‌مه‌به‌ستى چاکسازى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان و گه‌ره‌نتى پاکیان ئاماده‌کردووه‌ که‌ له‌ ٣٥ به‌ند پێکهاتووه‌ و تێیدا داوا ده‌کات چاکسازى له‌ پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌ قوناغى داهاتوودا هه‌لبژاردنه‌کان دوور له‌ کارتێکردنى حزبى به‌ڕێوه‌ بچن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ زیا ئه‌لئه‌سه‌دى په‌رله‌مانتارى ره‌وتى سه‌در به‌ قودسى عه‌ره‌بى ڕاگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ى پێشکه‌شکراوه‌ پێشنیاز نییه‌ به‌ڵکو پرۆژه‌یه‌کى تێروته‌سه‌له‌ و له‌لایه‌ن شاره‌زایانه‌وه‌ نووسراوه‌ و تێیدا داواکراوه‌ که‌سى هه‌ڵبژێردراو به‌رپرس بێت به‌رامبه‌ر ده‌نگده‌ر و به‌شداریکردنى میلیشیاکان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ڕه‌تده‌کاته‌وه‌، سه‌ره‌راى وردبینى بڕوانامه‌ى به‌ربژێران و دیاریکردنى ئیمتیازاته‌کانیان. 

ناوبراو ده‌ڵێ ده‌بێ ماوه‌ى خۆهه‌ڵبژاردن دیارى بکرێت و ڕێگه‌ نه‌درێت زیاتر له‌ دوو خۆل که‌س خۆى هه‌ڵبژێرێت یاساى (ئه‌مه‌ت له‌ کوێ بوو) و لێپرسینه‌وه‌ و چالاک بکرێت کومسیونى هه‌لبژاردنه‌کان به‌پیشه‌یى بکرێت له‌ که‌سانى شاره‌زا و پسپۆێ‌ پێک بێت دوور له‌ ده‌ستێوه‌ردانى حزبه‌کان.

چاودێران پێیان وایه‌ که‌ کوتله‌ى ده‌وڵه‌تى یاسا تێبینیه‌کانى له‌مه‌ڕ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ به‌شداریکردنى میلیشا چه‌کداره‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ڕه‌تده‌کاته‌وه‌ سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ڕێگرى ده‌کات سه‌رکرده‌کان له‌ بۆ دوو خۆل زیاتر خۆیان هه‌ڵبژێرن، له‌به‌رامبه‌ریشدا سوننه‌کان که‌ خۆیان به‌ مافخوراو ده‌زانن له‌ عێراق پێیان وایه‌ پرۆژه‌که‌ هه‌لێکى له‌باره‌ بۆیان تا قه‌باره‌ى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیان بزانن، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ژێر چاودێریى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ڕێوه‌ بچێت.


زۆرترین خوێندراو