سه‌رۆک کۆمار داواى دیالۆگى ده‌ستبه‌جێى نێوان هه‌ولێر و به‌غداد ده‌کات

11/16/2017 7:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







رۆژى چوارشه‌ممه‌  ، به‌ڕێز فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق پێشوازیکرد له‌ راگه‌یاندنه‌که‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که‌ پابه‌نده‌ به‌ لێکدانه‌وه‌که‌ى دادگاى باڵاى فیدراڵیى بۆ ماده‌ى یه‌که‌مى ده‌ستور که‌ جیابونه‌وه‌ى هه‌ر پارچه‌یه‌ک له‌ عێراق قه‌ده‌غه‌ ده‌کات و زامنکردنى یه‌کێتیى و سه‌روه‌رییه‌که‌ى دوپاتده‌کاته‌وه‌، داواشیکرد ده‌ستبکرێت به‌ دیالۆگى سه‌رتاسه‌ریى بۆ چاره‌سه‌رکردنى ناکۆکییه‌کانى نێوان هه‌ردولا له‌سه‌ر بنه‌ماکانى ده‌ستور.

سه‌رۆک کۆمارله‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا پێویستیى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژیانى ئاسایى بۆ هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان و هه‌ڵگرتنى گه‌مارۆى سه‌ر گه‌شته‌ هه‌واییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى سه‌ر هه‌ردو فڕۆکه‌ خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى و ئاسایکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان رۆڵه‌کانى گه‌لى عێراقى دوپاتکردۆته‌وه‌، داواى له‌ هه‌مو هێزه‌ سیاسییه‌کانى له‌ که‌رکوکیش کردوه‌ به‌ زوترین کات کۆبونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکه‌ ببوژێننه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى پارێزگایه‌کى نوێ و کۆتایى هێنان به‌ هه‌ر جۆره‌ گرژییه‌ک.

سه‌رۆک کۆمارى عیراق ستایشى پابه‌ند بونى حکومه‌تى عێراقیشى کرد بۆ پابه‌ندبونى به‌ دابینکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان و سوککردنى کۆتوبه‌ندى سه‌ر بانکه‌ تایبه‌ته‌کان له‌ هه‌رێم و ئاماده‌یى بۆ دیالۆگ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور، پێویستیى توخن نه‌که‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى هاوڵاتیان و ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ ژیانى رۆژانه‌ و ئاینده‌یانى دوپاتکردۆته‌وه‌.

سه‌رۆک کۆمار پێویستیى یه‌کخستنى هه‌وڵى هه‌مو هاوڵاتیانى دوپاتکردۆته‌وه‌ بۆ به‌ زیندویى و مه‌زنیى هێشتنه‌وه‌ى سه‌رکه‌وتنى هێزه‌ چه‌کداره‌ نه‌به‌زه‌کانى عێراق به‌ هه‌مو ریزه‌کانیانه‌وه‌ به‌سه‌ر تێرۆردا، پیرۆزبایى خۆیشى نوێ کردۆته‌وه‌ به‌ بۆنه‌ى رزگارکردنى شارى قائیم و ده‌ستپێکردنى قۆناغى یه‌که‌مى رزگارکردنى شارى راوه‌ و هه‌مو ناوچه‌کانى تر بێ جیاوازیی.

سه‌رۆک مه‌عسوم هه‌روه‌ها به‌رده‌وامبونى دیالۆگ له‌ نێوان عێراقییه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنى هه‌رکێشه‌یه‌کى ناوخۆیى له‌رێى سازان و رێککه‌وتنى ته‌وافوقییه‌وه‌ که‌ پارێزگاریى به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌مو پێکهاته‌کانى عێراق بکات و سیستمى دیموکراسیى فیدراڵیى دادپه‌روه‌رانه‌ و پێشکه‌وتو به‌هێز بکات، گه‌شه‌کردنى سیاسیى و ئابوریى دابمه‌زرێنێت. ته‌ئکید کردنه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشیى نێو ده‌وڵه‌تییشى به‌رز نرخاندوه‌ که‌ هه‌وڵه‌کانى بۆ زامنکردنى یه‌کێتیى و سه‌روه‌ریى و ئاسایشى له‌ریزى پێشه‌وه‌ داده‌نێت، هاوکات داواى له‌ کۆمه‌ڵى نێو ده‌وڵه‌تیى کردوه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ پێشکه‌شکردنى پشتیوانیى بۆ گه‌لى عێراق له‌ هه‌مو بواره‌کاندا.
 


زۆرترین خوێندراو