سه‌رۆک کۆمارى عێراق پیرۆزبایى له‌ رزگارکردنى قه‌زاى راوه‌ ده‌کات

11/17/2017 9:39:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







ئه‌مڕۆ هه‌ینى 17 ى تشرینى دووه‌مى 2017 ، دکتۆر فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆک کۆمارى عێراق په‌یامێکى پیرۆزبایى ئاڕاسته‌ى گه‌لى عێراقى نه‌به‌ز کرد به‌ بۆنه‌ى سه‌رکه‌وتنى گه‌وره‌ى وڵاته‌که‌مان به‌سه‌ر تێرۆردا که‌ رزگارکردنى دوایین حه‌شارگه‌ و مۆڵگه‌ى چه‌ته‌ تاوانباره‌کانى داعش له‌قه‌زاى راوه‌ تاجى له‌سه‌ر ناو ئاڵاى نیشتمانیى له‌سه‌ر بیناى کۆمه‌ڵگه‌ى فه‌رمانگا حکومییه‌کان هه‌ڵکرا دواى پاککردنه‌وه‌ى شارى راوه‌ و گه‌ڕه‌که‌کانى له‌ پاشماوه‌ى تێرۆریسته‌ ته‌کفیرییه‌کان.

سه‌رۆک کۆمار ستایشى فه‌رمانده‌ و ئه‌فسه‌ر و هه‌مو سه‌ربازانى هێزه‌ چه‌کداره‌ قاره‌مانه‌کانمانى کرد به‌هه‌مو پێکهاته‌کانیانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئازایه‌تیى و لێهاتویى جه‌نگاوه‌رییان له‌ به‌دیهێنانى ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ مێژوییه‌ گه‌وره‌یه‌دا که‌ ده‌کرێت به‌ سه‌رکه‌وتنى یه‌کجاره‌کیى هه‌مو پێکهاته‌کانى گه‌له‌که‌مان به‌سه‌ر پاشماوه‌ى تێرۆریستان داعشدا رابگه‌یه‌نرێت. 

سه‌رۆک کۆمار نیازى عێراقییه‌کانى دوپاتکردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ سه‌ربازییه‌ مه‌زنه‌ بکه‌نه‌ پاڵپشتێک بۆ سه‌رکه‌وتنه‌ مه‌زنه‌کانى تر شانبه‌شانى شه‌ڕى نمونه‌یى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌، ئۆقره‌یی، گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئاواره‌بوه‌کان، ئاشتبونه‌وه‌ى ناو کۆمه‌ڵ، و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ ناوخۆییه‌کان و پته‌وکردن و به‌هێزکردنى یه‌کڕیزیى نیشتمانیى و پێگه‌ى ئیقلیمیى و نێو ده‌وڵه‌تیى عێراق. هاوکات سه‌رۆک کۆمار له‌گه‌ڵ رێزو نه‌وازشى مه‌زن بۆ شه‌هیدانى گه‌له‌که‌مان، رێنماییشیدا بۆ بایه‌خدانى تایبه‌تیى به‌ خانه‌واده‌ى شه‌هیدان و چاره‌سه‌رکردنى برینداره‌کان و پاراستنى مه‌ده‌نیى و ئاواره‌بوه‌کان، به‌ پێزانینى زۆریشه‌وه‌ پشتیوانیى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى و ده‌وڵه‌ت و گه‌لانى دۆستى به‌رز نرخاندوه‌ که‌ له‌ گه‌ل و وڵاته‌که‌مانیان کردوه‌ له‌ جه‌نگه‌ دژوار و قاره‌مانانه‌که‌یدا دژى تێرۆر.


زۆرترین خوێندراو