لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى و هیومان ڕایتس ۆچ خراپى بارودۆخى په‌ناخوازان ئاشکرا ده‌که‌ن

8/14/2016 3:47:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز






لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى و هیومان ڕایتس ۆچ خراپى بارودۆخى په‌ناخوازان ئاشکرا ده‌که‌ن ،چه‌ندین په‌ناخوازى کورد چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ کراوه‌ 

له‌ڕاپۆرتێکى هاوبه‌شدا ، هه‌ردوو ڕێکخراوى چاودێرى مافه‌کانى مرۆڤ ناسراو به‌ (هیومان ڕاتیس ۆچ ) و ڕێکخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى حکومه‌تى ئوسترالیا تۆمه‌تبار ده‌که‌ن به‌وه‌ى به‌ ئه‌نقه‌ست خراپ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ په‌ناخوازان له‌ که‌مپه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ووڵاته‌که‌ى فه‌رامۆشکردووه‌ به‌ ئامانجى ئه‌وه‌ى چیتر په‌ناخوازان هه‌وڵ نه‌ده‌ن کۆچ بۆ ئه‌و ووڵاته‌ بکه‌ن. له‌و ڕاپۆرته‌دا که‌ له‌ میانه‌ى چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ 84 په‌ناخوازى که‌مپه‌کانى دوورگه‌ى ناورۆدا ئه‌نجامدراوه‌ و له‌ناویشیاندا چه‌ند په‌ناخوازێکى کورد چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ کراوه‌ و باسیان له‌ خراپى بارودۆخى ژیانیان له‌و که‌مپانه‌دا کردووه‌. 

ڕاپۆرته‌که‌ ئاماژه‌  بۆخراپى گه‌لێک له‌و بوارانه‌ ده‌کات که‌ په‌یوه‌ستن به‌ ژیانى ڕۆژانه‌ى په‌ناخوازانه‌وه‌ له‌وکه‌مپانه‌ وه‌ک نادیارى واده‌ى مانه‌وه‌ى په‌ناخوازان له‌و که‌مپانه‌ و نه‌گه‌شتنى په‌ناخوازان به‌ خزمه‌تگوزاریه‌کان و خراپ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵیان و ئه‌م هۆکارانه‌ش په‌ناخوازانى ناچار به‌ خۆئازاردان و بیرکردنه‌وه‌ له‌ خۆکوشتن و دووچاربوون به‌ چه‌ندین جۆرى نه‌خۆشى ده‌روونى کردووه‌.

په‌ناخوازانى که‌مپه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئوسترالیا که‌ له‌ هه‌ردوو دوورگه‌ى ناورۆ و پاپانیوگینیا ده‌ستبه‌سه‌رکراون ئه‌و که‌سانه‌ بوون که‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و له‌ڕێگه‌ى به‌له‌مه‌وه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئوسترالیا به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزه‌ ده‌ریایه‌کانى ئوسترالیاوه‌ ده‌ستگیر کراون و ڕه‌وانه‌ى که‌مپه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئوسترالیا کراون و به‌وه‌ش ڕێگه‌یان پێنادرێت داواى مافى په‌نابه‌رێتى له‌ ئوسترالیا بکه‌ن. هاوکات تا ئێستاش ، حکومه‌تى ئه‌و ووڵاته‌ به‌رده‌وامه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌ى به‌له‌مى په‌ناخوازانى قاچاخ بۆ ئه‌و ووڵاته‌ى لێوه‌ى هاتوون.

هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌ى په‌ناخوازانى کورد له‌ که‌مپه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئوسترالیا دیار نیه‌ ، به‌ڵام بوونى چه‌ندین په‌ناخوازى به‌ڕه‌گه‌ز کورد له‌و که‌مپانه‌دا له‌لایه‌ن میدیاکان و ڕێکخراوه‌کانى داکۆکیکار له‌ په‌نابه‌ران به‌به‌رده‌وامى پشتڕاست ده‌کرێته‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ریشدا ، له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا وه‌زاره‌تى کۆچى ئوسترالیا ده‌ڵێت " به‌ توندى به‌شێکى زۆر له‌و ده‌نگۆیانه‌ ڕه‌تده‌که‌ینه‌وه‌ که‌له‌ ڕاپۆرته‌که‌دا هاتوون" . 

بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌م ڕاپۆرته‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ نوێترین ڕاپۆرتى ڕۆژنامه‌ى گاردیان که‌ نزیکه‌ى دوو هه‌زار حاڵه‌تى خراپ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ په‌ناخوازان له‌ناویشیاندا ده‌ستدرێژى سێکسى له‌ که‌مپه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئوسترالیا له‌ ڕاپۆرتێکدا به‌ دۆکومێت کردووه‌ و له‌سه‌ر ماڵپه‌رى ڕۆژنامه‌که‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

سیاسه‌تى ده‌ستگیرکردن و به‌ندکردن په‌ناخوازانى ده‌ریایى قاچاخ له‌ که‌مپه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئوسترالیا  له‌ڕابردوودا  و گێڕانه‌وه‌ى په‌ناخوازانى ده‌ریایى قاچاخ ئێستادا له‌لایه‌ن حکومه‌تى ئوسترالیا بۆ ئه‌و ووڵاته‌ى لێوه‌ى هاتوون بۆته‌ جێگه‌ى نیگه‌رانى ڕێکخراوه‌کانى داکۆکیکار له‌ مافى په‌نابه‌ران و به‌ پێشێلکاریه‌کى ئاشکراى مافى په‌نابه‌رانى له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.


زۆرترین خوێندراو