ئه‌وروپا ئامارى فه‌رمى په‌ناخوازان بۆ ساڵى 2016 بڵاوده‌کاته‌وه‌

7/13/2017 8:37:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز







نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن و 300 هه‌زار داواکارى بۆ وه‌رگرتنى مافى په‌نابه‌رێتى پێشکه‌ش به‌ ئه‌وروپا کراوه‌ له‌ساڵى راِبردوودا.

ئۆفیسى تایبه‌ت به‌ کاروبارى په‌نابه‌رێتى یه‌کێتى ئه‌وروپا ئامارى ئه‌و په‌ناخوازانه‌ى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ له‌ ساڵى 2016 دا داواى مافى په‌نابه‌رێتیان له‌ ووڵاتانى یه‌کێتى ئه‌وروپا و چه‌ند ووڵاتێکى ترى ئه‌وروپى کردووه‌. 
به‌گوێره‌ى ئاماره‌ فه‌رمیه‌کانى ئه‌و ئۆفیسه‌ ، نزیکه‌ى یه‌ک ملیۆن و سێ سه‌د هه‌زار داواکارى پێشکه‌ش به‌ ووڵاتى یه‌کێتى ئه‌وروپا و ئه‌و چه‌ند ووڵاته‌ى ترى ئه‌وروپا کراون ، که‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵى ڕابردوو ژماره‌که‌ به‌ڕێژه‌ى له‌ سه‌دا حه‌وت که‌میکردوه‌. 

بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌و ئامارانه‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى خراپى بارودۆخى که‌مپه‌کانى په‌نابه‌ران له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا له‌ناویشیاندا که‌مپه‌کانى په‌نابه‌ران له‌ هه‌ردوو دوورگه‌وى ناورۆ و پاپانیوگینیا که‌ به‌شێک له‌ په‌نابه‌ره‌کانى ئه‌و که‌مپانه‌ به‌ڕه‌گه‌ز کوردن و هه‌رگیز ڕێگه‌یان پێنادرێت داواى مافى په‌نابه‌رێتى له‌ ئوسترالیا بکه‌ن چونکه‌ پێشتر ویستویانه‌ به‌ قاچاخ و به‌به‌له‌م ڕوو له‌و ووڵاته‌ بکه‌ن. 

سه‌باره‌ت به‌ ڕیزبه‌ندى ئه‌و ووڵاتانه‌ش که‌ زۆرترین داواکاریان بۆ مافى په‌نابه‌رێتى پێشکه‌ش کراوه‌ ، له‌ ڕیزبه‌ندى یه‌که‌مدا ئه‌ڵمانیایه‌ و پاشان ئیتالیا ، فه‌ره‌نسا ، یۆنان و نه‌مسایه‌. 
سه‌باره‌ت به‌ ڕیزبه‌ندى ئه‌و ووڵاتانه‌ش که‌ هاوڵاتیانى زۆرترین داوایان پێکه‌شکردووه‌ ، سوریا له‌ پله‌ى یه‌که‌م دایه‌ و پاشان هه‌ریه‌ک له‌ ووڵاتانى ترى وه‌ک ئه‌فغانستان و عێراق و پاکستان و نێجیریا دێن.

ئاماره‌که‌ى ئۆفیسى تایبه‌ت به‌ کاروبارى په‌نابه‌رێتى یه‌کێتى ئه‌وروپا به‌ ژماره‌ش ئاماژه‌ بۆ ئه‌و داواکاریانه‌ ده‌کات که‌ عێراقیه‌کان پێکه‌شیانکردووه‌ که‌ ده‌کاته‌ له‌سه‌دا ده‌ى سه‌رجه‌م داواکاران و به‌گوێره‌ى ئه‌و ئاماره‌ 131 هه‌زار و 615 داواکارى پێشکه‌ش کراون که‌ ناسنامه‌ى ئه‌و داواکارانه‌ به‌ڕه‌گه‌ز عێراقى بوون. 


سه‌رچاوه‌کان : ماڵپه‌رى فه‌رمى ئۆفیسى پشتگیرى په‌نابه‌رێتى ئه‌وروپا ، ئه‌ى بى سى نیوز


زۆرترین خوێندراو