ئه‌ردۆغان له‌باره‌ى عه‌فرینه‌وه‌ وه‌ڵامى لاڤرۆڤ ده‌داته‌وه‌

4/10/2018 7:46:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز








ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رکۆمارى تورکیا، سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌که‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا، سێرگى لاڤرۆڤ که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو ئه‌وان چاوه‌ڕێن عه‌فرین بدرێته‌وه‌ ده‌ست حکوومه‌تى سووریا، رایگه‌یاند: "ئه‌م بۆچوونه‌ زۆر هه‌ڵه‌یه‌. ئێمه‌ زۆرباش ده‌زانین عه‌فرین راده‌ستى کێ ده‌که‌ینه‌وه‌".

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى فراکسیۆنى پارته‌که‌ى له‌ په‌رله‌مان، وه‌ڵامى پرسیارى رۆژنامه‌وانانى په‌یوه‌ست به‌ بابه‌ته‌کانى رۆژه‌ڤ دایه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌که‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا، سێرگى لاڤرۆڤ له‌باره‌ى عه‌فرینه‌وه‌ که‌ رایگه‌یاندبوو "چاوه‌ڕێ ده‌که‌ین راده‌ستى رژێمى سووریا بکرێته‌وه‌"، سه‌رکۆمارى تورکیا رایگه‌یاند "ئه‌مه‌ بۆچوونێکى زۆر هه‌ڵه‌یه‌. ئێمه‌ زۆرباش ده‌زانین عه‌فرین راده‌ستى کێ ده‌که‌ینه‌وه‌. پێویسته‌ سه‌ره‌تا باس له‌ راده‌ستکردنه‌وه‌ى ئه‌و شوێنانه‌ى سووریا که‌ له‌ژێر ده‌ستى وڵاتانى دیکه‌دایه‌، بکرێت. گوتنى ئه‌وه‌ى 'رژێم ئه‌و شوێنانه‌ى داوه‌' دڵنیاییمان پێ نادات. که‌ى کاتى هات عه‌فرین راده‌ستى خودى عه‌فرینییه‌کان ده‌که‌ینه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌و واده‌یه‌ له‌ده‌ست ئێمه‌دایه‌ و ئێمه‌ دیاریى ده‌که‌ین نه‌ک به‌ڕێز لاڤرۆڤ".

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌به‌رامبه‌ر وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى گوته‌کانى سه‌رۆکى ئه‌مریکا، دۆناڵد تره‌مپ سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌کانى غوته‌ى رۆژهه‌ڵات، که‌ رایگه‌یاندبوو "منیش بڕیارێک ده‌ده‌م"، ووتی: "له‌ ئێستادا ئێمه‌ش ته‌ماشا ده‌که‌ین، بزانین چى ده‌بێت".

له‌ وه‌ڵامى پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌ ئایا له‌باره‌ى رووداوه‌کانى غوته‌ى رۆژهه‌ڵات په‌یوه‌ندیى ته‌له‌فۆنیى له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى ئه‌مریکا، دۆناڵد تره‌مپ و سه‌رۆکى رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئه‌نجامده‌دات یان نا، ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند: "ئێمه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌رێز پوتیندا ئه‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندییانه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ین. له‌گه‌ڵ به‌ڕێز تره‌مپیش به‌هه‌مان شێوه‌، ده‌یکه‌ین. دیسانیش ئه‌نجامیده‌ده‌ین".


زۆرترین خوێندراو