قه‌رز به‌ جوتیاران ده‌درێت

27.09.2022
جەماوەر نیوز
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان شەش مەرجی بۆ پێدانی قەرزی تایبەت بە جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری راگەیاند. راوێژکارێکی وەزارەتەکەش دەڵێت، قەرزەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازی، "هەروەها هەلی کار بۆ چەندین کەس لە دەرەوەی ئەو سێکتەرانە دەڕەخسێنێت."
ئه‌مڕۆ سێشەممە، 27ـی ئەیلولی 2022، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان مەرج و رێنماییەکانی پێدانی قەرزی بە دەرچووانی کشتوکاڵ و ڤێتێرنەری و جووتیاران راگەیاند کە لە گشتاندنێکدا بۆ فەرمانگەکانی وەزارەتەکەی ناردووە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ هاتووە: دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ بانکی (قرتاسی ئیسلامی) بەمەبەستی دابینکردنی قەرزی بانکی و پاڵپشتیی پڕۆژەکانی جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری، ئەو رێنماییانەمان دەکرد:
1- وەرگرتنی مامەڵەی جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری ئەوانەی کە خوازیارن سوودمەند بن بەمەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی بچووک و مامناوەند و بەرزکردنەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە دیوانی وەزارەت.
2- پشتگیریی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان لەگەڵ سەرجەم بەراییەکانی تایبەت بە پڕۆژەکە هاوپێچ دەکرێت، بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و پەسندکردن و ئاراستەکردنی بۆ بانکی ناوبراو.
3- خاوەن بیرۆکە پێویستی بە (کەفیل)ێک دەبێت بۆ بانکی ناوبراو کە فەرمانبەری حکومەت بێت.
4- بڕی قەرزەکە لە 15 ملیۆن دەستپێدەکات تاوەکو 100 ملیۆن دیناری عێراقی دەبێت و بەگوێرەی ئاستی پڕۆژەکە، لەماوەی (1 ساڵ تاوەکو 5 ساڵ) قەرزەکە دەدرێتەوە و لەدوایی شەش مانگی یەکەمی سوومەندبوونی قەرزەکە.
5- کاری وەزارەتمان تەنیا هەڵسەنگاندن و پەسندکردن و پشتگیری و چاودێری پڕۆژەکانە لەڕووی هونەری و پێشخستن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری.
6- سەرجەم رێکارە کردارییەکان وەکو (یاسایی و دارایی و کارگێڕی) لە بانک لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکە یەکلایی دەکرێنەوە.
لەبارەی قەرزەکەوە، ئه‌مڕۆ سێشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2022، شەیما جەمال کوێخا، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان وتی: "قەرزەکە کراوە دەبێت، واتە تەنیا چەند کەسێکی دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو ژمارەکە دیاریکراو نییە، قەرزەکە دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و پیشەسازی و هەلی کار بۆ خەڵکانێکی زۆر دەڕەخسێنێت، تەنانەت ئەوانەشی دەرچووی ئەو کۆلێژ و بەشانەش نیین یان جووتیاریش نین."


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ