شتاینمایەر هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا

13.02.2022
جەماوەر نیوز
پەرلەمانی ئەڵمانیا بە زۆرینەی دەنگ فرانک وۆڵتەر شتاینمایەری بۆ خولێکی دیکە بە سەرۆکی وڵات هەڵبژاردەوە؛ بەوەش شتاینمایەر بۆ پێنج ساڵی دیکە لە دەسەڵات دەبێت.
شتاینمایەر لە کۆی 1437 دەنگ توانیی 1045 دەنگ بەدەستبهێنێت.
شتاینمایەر بە وتارێک خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دەستپێکرد کە قەیرانی ئۆکراینا کرۆکی قسەکانی بوو و رایگەیاند، "رووسیا بە کۆکردنەوەی هێز لە دەوروبەری ئۆکراینا مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگی لە ناوچەکە دروستکردووە و دەبێت بەرپرسیارێتیی دۆخەکەش لەئەستۆ بگرێت".
سەرۆکی نوێی ئەڵمانیا جەختی لە گرنگیی ئاشتی کردەوە و وتی، "ئاشتی تەنیا لەڕێگەی گفتوگۆ لەنێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا گەرەنتی دەکرێت".
شتاینمەر رووی دەمی کردە کۆشکی کریملین و ئاماژەی بەوە کرد، "ڤیلادیمیر پووتین؛ دیموکراسیمان بە کەم مەزانە، چونکە دیموکراسیمان بەهێزە و ناکەوێتە ژێر کاریگەریی هەڕەشە دەرەکییەکان".
شتاینمایەر سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە، لە دوو خوولی راوێژکارێتیی ئەنگێلا مێرکل وەزیری دەرەوە بووە.

پرۆفایلی شتاینمایەر:

- لە 5ی کانوونی دووەمی 1956 لە دیتمۆلدی رۆژئاوای ئەڵمانیا لەدایکبووە
- لە ساڵی 2007 تاوەکو 2009 جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا بووە
- لە ساڵی 2005 تاوەکو 2009 وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بووە
- لە ساڵی 2013 تاوەکو 2017 بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە
- لە ساڵی 2017 بۆ یەکەمجار بە سەرۆکی ئەڵمانیا هەڵبژێردرا
- لە 13ی شوباتی 2022 بۆ خولی دووەم بە سەرۆکی ئەڵمانیا هەڵبژێردرایەوە
- یاسا و زانستی سیاسیی خوێندووە
- لە ساڵی 1991 دکتۆرای لە هەمان بواردا بەدەستهێناوە
- سەر بە پارتی سۆسیال دیموکراتە و لە ساڵی 1995ـەوە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و باوکی منداڵێکە