وەزیری شەهیدان بەشداری کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

21.11.2023
جەماوەر نیوز

لە ڕۆژانی ۲۰ و ۲۱ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۳پەیمانگای MEPS
لەشاری دهۆک و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە سەرۆک و سکرتێری پارتە سیاسیەکان و وەزیر و پەرلەمانتارانی هەرێم و عێراق و نێردەی ووڵاتان ، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک بەڕێوەچوو.
لە ڕۆژی یەکەمی کۆڕبەندەکەدا کە عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان وژمارەیەک لە پسپۆڕان و ئەکادیمیستانی زانکۆکانی کوردستان ئامادەی بوون،ووتاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا کەتیایدا تیشکی خستە سەر ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر چەندین پانێڵ و تەوەرەی گرنگ و گەرمی ڕۆژ گفتوگۆیان لە بارەوە کرا، وەکو جەنگی ئیسرائیل و حەماس و کێشەکانی ئاسایش لەووڵاتانی عێراق و سوریا یەمەن و لوبنان و وڵاتانی دەوروبەر،هەروەها پێشکەشکردنی چەندین تەوەری گرنگ دەربارەی پرسی سەقامگیریی لە ئاییندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەمڕۆش لەدووەمین ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا لەزانکۆی ئەمریکی لە دهۆک ،بە ئامادەبوونی سەدان توێژەرو کەسایەتی سیاسی (لەوانە سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا) لە پانێڵێکی تری کۆڕبەندەکەدا ،بەڕێز مەسڕور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی ڕەوشی سیاسی و ئەمنی و ڕووداو و پێشهاتەکانی بواری ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان کرد .

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆش لە دووەمین ڕۆژی کۆڕبەندەکەدا، لە پاش پێشکەشکردنی چەندین توێژینەوەی زانستی و سیاسی و ژینگەیی ، بەووتارێکی سەرۆکایەتی زانکۆی دهۆک، پەیمانگای MEPS بە چەندین ڕاسپاردەی گرنگەوە کۆتایی بە کۆڕبەندەکە هێنا.

زۆرترین خوێندراو