نێچیرڤان بارزانى : کۆبونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى سه‌رکه‌وتوو بووه‌و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین

11/26/2015 7:24:00 PM
جەماوەر نیوز
 جه‌ماوه‌رنیوز


ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان،له‌دواى ڕێوڕه‌سمى ڕاگه‌یاندنى هه‌ڵمه‌تى نیشتمانى بۆ بنبڕکردنى توندوتیژیى دژى ژنان له‌ هه‌رێمى کوردستان ، له‌ لێدوانێکى ڕۆژنامه‌وانیدا تیشکى خسته‌ سه‌ر چه‌ند پرسێک له‌وانه‌ دوا کۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان، جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ که‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو و له‌گه‌ڵ یه‌کێتى و لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش به‌رده‌وام ده‌بن له‌ کۆبوونه‌وه‌ و دیدار به‌هیواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر پرسه‌ ناوخۆییه‌کان بگه‌ن به‌ ئه‌نجامێکى باش.

سه‌باره‌ت به‌ بردنه‌وه‌ى داوایه‌کى دادگا له‌لایه‌ن کۆمپانیاى دانا غاز له‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان سه‌رۆکى حکومه‌ت ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کرد که‌دووره‌ له‌راستیه‌وه‌ .

ده‌رباره‌ى پاداشته‌ داراییه‌کانى هێزى پێشمه‌رگه‌ که‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى به‌رگریى عێراقه‌وه‌ بدرێت و له‌ ساڵى 2007ه‌وه‌ نه‌دراوه‌، ڕایگه‌یاند که‌ ئێستا وه‌زیرى به‌رگریى عێراق له‌ هه‌رێمى کوردستانه‌ و کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵى هه‌یه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و بابه‌تانه‌ى له‌گه‌ڵدا باس ده‌که‌ن و به‌ پێویستیشى زانى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا له‌ هه‌موو بواره‌کاندا به‌رده‌وام بێت چونکه‌ ئه‌مه‌ یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت که‌ زیاتر له‌ یه‌کرتى نزیک ببنه‌وه‌.

ده‌رباره‌ى پڕۆژه‌کانى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال، تیشکى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ هه‌رچه‌ند حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ بارودۆخێکى ئابوورى زۆر خراپدایه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان به‌م زووانه‌ به‌ هاوکاریى نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان تیمێک ڕه‌وانه‌ى ناوچه‌که‌ ده‌که‌ن بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ خه‌ساره‌تى شه‌نگال و سنووره‌که‌ى بکات و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌رچى له‌ ده‌ستیان بێت بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگال ده‌یکه‌ن. هه‌روه‌ک ئاشکراى کرد که‌ داوایان له‌ هه‌موو وڵاتانى جیهان کردووه‌ له‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى شه‌نگالدا یارمه‌تیى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بده‌ن.

له‌ به‌شێکى دیکه‌ى لێدوانه‌ ڕۆنامه‌وانییه‌که‌یدا سه‌رۆک وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان جه‌ختى له‌وه‌ کرده‌وه‌ ئه‌و تاوانانه‌ى تیرۆرستانى داعش له‌ شه‌نگال و ده‌وروبه‌رى ئه‌نجامیاندا به‌ هه‌موو پێوه‌رێک جینۆسایده‌ و هه‌موو هه‌وڵێکیش ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌م تاوانانه‌ به‌ جینۆساید بناسرێن و هه‌وڵى حکوومه‌تى هه‌رێمیش له‌م بواره‌دا به‌رده‌وامه‌.


زۆرترین خوێندراو