تا سالَى داهاتوو عيَراق ١٠ مليار دوَلار قةرزدار دةبيَت

5/19/2016 5:35:00 PM
جەماوەر نیوز
جه‌ماوه‌رنیوز





پارێزگارى بانکى ناوه‌ندیى عێراق پێشبینى ده‌کات ساڵى داهاتوو قه‌رزه‌کانى سه‌ر عێراق بۆ ده‌ ملیار دۆلار به‌رز بێته‌وه‌. به‌پیى لێدوانێکى عه‌لى عه‌لاق پارێزگارى بانکى ناوه‌ندیى عێراق بۆ ته‌له‌فزیونى بلومبێرگى ئه‌مریکى "تا ساڵى داهاتوو، قه‌رزه‌کانى عێراق له‌ سندوقى نێوده‌وڵه‌تیى دراو، ده‌گاته‌ ده‌ ملیار دۆلار". 

عه‌لاق هه‌روه‌ها پێشبینى کردووه‌ له‌مساڵدا بڕى ده‌ ملیار دۆلار قه‌رز له‌ سندوقى نێوده‌وڵه‌تیى دراو و بانکى جیهانى وه‌ربگرن، سه‌ره‌ڕاى وه‌گرتنى پێنج ملیار دۆلارى دیکه‌ له‌ کۆمه‌ڵه‌ى حه‌وت وڵاته‌ زلهێزه‌کان. بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا حکومه‌تى عێراق و سندوقى نێوده‌وڵه‌تیى دراو بگه‌نه‌ ڕێککه‌وتن له‌باره‌ى شێوازى پێدانى قه‌رزه‌که‌ به‌ عێراق.

شایانى باسه‌، ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ حکومه‌تى عێراق به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمى کوردستانى بڕیوه‌ که‌ ده‌کاته‌ ١٧٪ له‌ کۆى گشتیى بودجه‌ى عێراق، ئه‌مه‌ش کاریگه‌رییه‌کى خراپى کردووه‌ته‌ سه‌ر ڕه‌وشى ئابووریى هه‌رێم. له‌ئێستادا هه‌رێمى کوردستان داوا ده‌کات پشکى دیارى بکرێت له‌و قه‌رزانه‌ى که‌ له‌لایه‌ن بانکه‌ جیهانییه‌کانه‌وه‌ به‌ عێراق ده‌درێت، چونکه‌ هه‌رێمى کوردستان له‌ شه‌ڕێکى دژواردایه‌ له‌گه‌ڵ داعش و ژماره‌یه‌کى زۆرى ئاواره‌ى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ش په‌نایان بۆ هه‌رێمى کوردستان هێناوه‌.

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌، نه‌جیبه‌ نه‌جیب په‌رله‌مانتارى کورد له‌ به‌غدا و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ ناوه‌ندى هه‌واڵى ئازاد ڕایگه‌یاند، "عێراق قه‌رزێکى ١٥ ملیارى وه‌رده‌گرێت و پێویسته‌ ئه‌و قه‌رزه‌ له‌ ماوه‌ى سێ ساڵدا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌ قازانجێکى زیاتره‌وه‌". ده‌رباره‌ى پشکى هه‌رێمى کوردستانیش، نه‌جیب، وتى "ئێمه‌ بانگهێشتى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراقمان کردووه‌ بۆ په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى ڕوونکردنه‌وه‌ بدات له‌سه‌ر هۆکارى پێنه‌دانى پشکى هه‌رێم له‌ قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان". په‌رله‌مانتاره‌که‌ى کورد پێى وابوو پرسه‌کان سیاسین که‌ ڕێگرى له‌ پێدانى به‌شى هه‌رێم ده‌که‌ن، بۆیه‌ نابێت هه‌رێمى کوردستان ده‌ستبه‌ردارى ئه‌م مافه‌ى بێت و پێویسته‌ به‌هه‌ر شێوازێک بێت مافى خۆى وه‌ربگرێته‌وه‌.


زۆرترین خوێندراو