حزبی سۆسیالیست ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌باره‌ی بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بڵاوده‌كاته‌وه‌

16.02.2022
جەماوەر نیوز

ڕاگەیەندراوی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی:
‎دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەیەوێت سزای خەڵکی کوردستان بدات ، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵ بڕیارێکی تەواو سیاسیە و دژی خەڵکی کوردستانە.
‎حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان جەخت دەکاتەوە کەدەیان ماددەی دەستوری لە دەستوری هەمشەیی عێراق جێگیرکراوە وەک مادەی 140 و ئەنجومەنی فیدراڵی و زۆر برگەو ماددەی تر بە ئاشکرا پێشێل دەکرین و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە سەر خاکەکەی دەردەکرین و ماڵ و زەویەکانیان داگیردەکرێن و هێرش دەکرێتە سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەو شەهید دەکرێن و بودجەو موچەی هەرێمی کوردستان دەبڕێت.
‎کام یاسا و بڕیاری حکومەتی عێراق دەستووریە؟ تا هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم نادەستووری بێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە سەرجەم بڕیارەکانی حکومەتی عێراق و دادگای باڵای فیدراڵی عێراق سیاسییەو دژی خەڵک و جەماوەری کوردستانە .
‎هاوکات جەخت دەکەینەوە لەهێزو لایەنە سیاسییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی هەر پیلانێک لەدژی کورد و پێویستە ڕیزەکان ڕێک بخەنەوە ئامادەسازی بکەن بۆ هەر ئەگەرو گۆڕانکارییەک کە لەئایندەدا هەرێمی کوردستان و ناوچەکە ڕووبەڕوی دۆخێکی سیاسی نوێ دەکاتەوە.

‎حزبی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان