گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ له‌ وه‌زیری دارایی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

19.02.2022
جەماوەر نیوز

حاكم زاملی،جێگری یەكەمی سەرۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رەتكردنەوەی ئامادەبوون لە پەرلەمان لەلایەن عەلی عەلاوی وەزیری داراییەوە ڕایگه‌یاند بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندی دوای كۆكردنەوەی واژۆی 50 پەرلەمانتار بووە.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، هیچ ناكۆكییەكیان لەگەڵ وەزیری دارایی نییە، قەدەغەی گەشت كردن دەخەنە سەری، تاوەكو ئەو كاتەی لە پەرلەمان ئامادە دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد، کە لەکاتی کۆبوونەوەکەدا گەیشتە دەست زاملی، کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ناتوانێت ئامادەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ شەممەی بێت، نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، تاوەکو کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ ئەوەی قسەیەک لەبارەی ئابووریی عێراق بکات و دواتر متمانەی لێوەربگرنەوە. 
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکدا، کە بۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی ناردووە؛ کە رۆژی هەینی 18.2.2022، بڵاویکردەوە دەڵێ: "ئێوارەی دوێنێ لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بانگهێشتکرام، بۆ ئەوەی رۆژی شەممە لە پێشی ئامادەبم بۆ تاوتوێکردنی نرخی فرۆشتنی دۆلار، ئەوەش رێک دوای تویتێکی سەید موقتەدا سەدر هات کە تێیدا داوای لێکردم بچمە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ تاوتوێکردنی نرخی فرۆشتنی دۆلار، بۆیە دیارە کە بانگهێشتکردنم لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەهۆی تویتەکەی سەید موقتەدایە، رێبەری رەوتی سەدر، چونکە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یەکێکە لە ئەندامانی رەوتەکە".