سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق: داهاتمان 150% زیادیکردووە

01.09.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، داهاتی ئەم ساڵیان بەراورد پار 150% زیادیکردووە و چاکسازییەکی گەورەیان لە دەروازەکاندا کردووە، هەروەها دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان بە بارەگای سەرەکیی دەستەکەوە لە بەغدا بەستووەتەوە.

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، داهاتی ئەم ساڵیان گەیشتووەتە یەک تریلیۆن و 500 ملیار دینار. 

عومەر وائیلی گوتی، یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانیان، کۆنترۆڵکردنی دۆسیەی گواستنەوەی دراو و رێگری بووە لەو پسوولە ساختانەی، کە ملیۆنان دۆلاریان پێدەبردرایە دەرەوەی وڵات بەبێ ئەوەی لە بەرامبەردا کاڵا هاوردە بکرێت، ئەو بابەتە "ئێستا بووەتە رابردوو."

هەروەها سەرۆکی دەستەکە جەختی لە چەندین چاکسازیی دیکە کردەوە، لەوانە:

- بەستنەوەی تۆڕی سۆنارەکان لە هەموو دەروازە سنوورییە وشکانی، دەریایی و ئاسمانی.

- بەستنەوەی سیستمی گومرگیی هەرێمی کوردستان بە بارەگای دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە لە بەغدا، بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری لە وەرگرتنی باج و رسووماتەکان و پاراستنی بەرهەمی نیشتمانی.

- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدواداچوونی ورد بۆ کاری کۆمپانیا هاوردەکارەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی دژی سەرپێچیکاران.

- پشتبەستن بە سیستمی کۆکردنەوەی داهاتی ئەلیکترۆنی بۆ رێگری لە دەستکاریکردنی پارەی گشتی، کە وائیلی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی داهاتی دادەنێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ