سەرچاوەیەکی فەڵەستینی کوژرانی ئەبو عوبەیدە پشتڕاست دەکاتەوە

31.08.2025
جەماوەر نیوز
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل کوژرانی، گوتەبێژی باڵی سەربازی حەماس ڕاگەیاند و سەرچاوەیەکی فەڵەستینیش پشتڕاستی کردووەتەوە.
یەکشەممە 31ی ئابی 2025، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی لیواکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس، لە غەززە کوژراوە.
هەروەها پێگەی هەواڵی عەرەبییە لە زاری سەرچاوەیەکی فەڵەستینی دووپاتی کردووەتەوە، کە ئەبو عوبەدیدە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل کوژراوە.
ئەو سەرچاوە فەلەستینییە ئاماژەشی داوە، سوپای ئیسرائیل باڵەخانەیەکی کردووەتە ئامانج کە گوتەبێژی قەسامی تێدا بووە، هاوکات لە هێرشە ئاسمانییەکەدا هەموو ئەوانەی لەناو باڵەخانەکە بوونە کوژراون. ئەوەشی خستەڕوو، دوای پشکنینی تەرمەکە، کوژرانی ئەبو عوبێدەیان پشتڕاست کردەوە.
پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە سوپای وڵاتەکەی گوتەبێژی باڵی سەربازی حەماسیان بە ئامانج گرتووە.ڕوونیشی کردەوە کە ئامانجگرتنی ئەبو عوبەیدە "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لەگەڵ سوپا و دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی (شاباک) کراوە
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیشی کردەوە، بڕیاری داگیرکردنی تەواوی غەززە دراوە و سوپاش جێبەجێی دەکات.
دوێنێ شەممە 30ی ئابی 2025، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئاماژەی دابوو، بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی گشتی (شاباک) بە فڕۆکە، باڵەخانەیەکیان لە گەڕەکی ئەلڕەمال لە شاری غەززە بۆردوومان کردووە کە یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی حەماسی تێدا نیشتەجێ بووە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ئەبو عوبەیدە لە ڕێگەی تۆمارە دەنگییەکان یان ڕاگەیەندراوە نووسراوەکانەوە باسی لە ئۆپەراسیۆنەکانی حەماس دژی سوپای ئیسرائیل دەکرد.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس لە تشرینی یەکەمی 2023 بۆ سەر باشووری ئیسرائیل، بووە هۆی کوژرانی هەزار و 219 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون. هەروەها 251 وەک بارمتە گیراوەن، تاوەکوو ئێستا 47 کەسیان لە غەززە ماون و نزیکەی 20 کەسیان لە ژیاندا ماون.
هەروەها تەندروستی غەززەش بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لانیکەم 63 هەزار و 459 فەلەستینی کوژراون کە زۆربەیان مەدەنین.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ