بەرلین داوا لە ئیسرائیل دەکات بەپەلە بارودۆخی مرۆیی لە غەززە باشتر بکات

01.09.2025
جەماوەر نیوز
بەهۆی خراپی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە، حکومەتی ئەڵمانیا داوا لە ئیسرائیل دەکات کە بارودۆخی مرۆیی کەرتی غەززە باشتر بکات.

 لارس کاستێلوچی، نوێنەری حکومەتی ئەڵمانیا بۆ مافەکانی مرۆڤ و یارمەتییە مرۆییەکان ڕایگەیاندووە، "دەبێت حکومەتی ئیسرائیل بەبێ دواکەوتن، بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و بەردەوام، و بەپێی بنەما مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکان دۆخی مرۆیی غەززە باشتر بکات''، ئازارەکانی خەڵکی مەدەنی بە تایبەت منداڵانی غەززەی ئیدانە کرد.

لە مانگی ئازارەوە ئیسرائیل ڕێگریی لە چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە کردووە تاوەکو ئێستا چەند بەشێکی سنووردار چووەتە نێو کەرتەکە، ناوبراو دەڵێت، ئەڵمانیا بڕی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ غەززە چەند جارێک زیادکردووە، بەڵام کاریگەرییەکی بەرچاوی نییە تا نەگاتە دەست ئەو کەسانەی پێویستییان پێیەتی.

 ئەڵمانیا یەکێک بووە لە لایەنگرە هەرە دیارەکانی ئیسرائیل، بەڵام لەم دواییانەدا حکومەتی فریدریش مێرز ڕاوێژکاری وڵاتەکە چەندین جار ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە گرتووە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ