دادگەی ئەنقەرە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکانی جەهەپەی بۆ مانگێک دواخست

15.09.2025
جەماوەر نیوز
پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەردوو کۆنگرەی ئاسایی و نائاسایی جەهەپە، لە دادگەی ئەنقەرە بەڕێوەچوو. دەستەی دادوەران بڕیاری دواخستنی دۆسیەکەیان بۆ کۆتایی مانگی داهاتوو دا.

کاژێر 10:00ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئەیلوولی 2025، چوارەمین دانیشتنی دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی و 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە لە 45ـەمین دادگەی بنەڕەتیی ئەنقەرە دەستی پێکرد. میدیای نێوخۆیی و جیهانی و ژمارەیەکی زۆری ئەندام و پەرلەمانتارانی جەهەپە لەنێو هۆڵی دادگە و بەردەم باڵەخانەی دادگەکە بوون.

لەسەر داوای پارێزەرانی جەهەپە، دەستەی دادوەران دوای چاوخشاندنیان بە دۆسیەکەدا بڕیاریاندا دانیشتنەکە بۆ کاژێر 10:00ی بەیانی رۆژی 24ـی تشرینی یەکەمی 2025 دوابخەن.

هاوکات ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە، لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە لە ئەنقەرە بە شێوەیەکی راستەوخۆ چاودێری پرۆسەی دادگەییکردنەکە و ئەنجامەکەیان دەکرد و کۆبوونەوەی بەپەلەشیان کرد. 

یەک لە سیناریۆ چاوەڕوانکراوەکە ئەوەبوو، دادگە هەردوو کۆنگرەکەی جەهەپە هەڵبوەشێنێتەوە و بەو جۆرەش کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووتری جەهەپە  بگەڕێتەوە سەر دەسەڵاتی ئەو پارتە. 

ئەندامان و جەماوەری جەهەپە لە خۆپیشاندانەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنەی تووند لە کەمال کڵچدارئۆغڵو دەگرن بەوەی خۆی و باڵەکەی بەشێکن لەو کێشانەی ناو جەهەپە. 

هەڵوەشاندنەوە و پووچەڵکردنەوەی 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکە کە لە 4-5ی تشرینی دووەمی 2023 و 21ـەمین کۆنگرەی نائاسایی جەهەپە کە لە 6ـی نیسانی 2025 بەڕێوەچوون و لەهەردووکیاندا ئۆزگور ئۆزەل وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرا، مشتومڕی نوێ لەناو جەهەپەدا دروست دەکات.

جەهەپە لە 9ـی ئەیلوولی 1923 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا؛ لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا؛ پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 20 کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ