لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە دەوحە دەستیپێکرد

15.09.2025
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە، کارەکانی لوتکەی نائاسایی عەرەبی-ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەستیپێکرد، بەمەبەستی تاوتوێکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە "بێوێنەیە"ی ئیسرائیل کە هەفتەی رابردوو بەرپرسانی حەماسی لە پایتەختی ئەو وڵاتە کردە ئامانج.

ئەمیری قەتەر: هێرشەکە خائینانە و پێشێلکاریی سەروەریمان بوو

شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر، لە وتاری دەستپێکی لوتکەکەدا  رایگەیاند کە دەوحە "روبەروی دەستدرێژییەکی خائینانە بووەتەوە" و هێرشەکەی بە "ئاشکرا و ترسنۆکانە" وەسف کرد.

ئەمیری قەتەر جەختی کردەوە کە "دوژمنکارییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەروەریمانە" و ئیسرائیل "لایەنێکە دان بە هیچ هێڵێکی سووردا نانێت و دەیەوێت ئەمری واقیع بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا بسەپێنێت."

شێخ تەمیم ئاشکراشی کرد کە لە کاتی هێرشەکەدا "حەماس خەریکی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئەمریکی بوو بۆ ئاگربەست لە غەززە"، ئیسرائیلیشی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "لە کاتێکدا بەشداری لە نێوەندگیرییەکانی ئاگربەستدا دەکات، لە هەمان کاتدا لایەنی دانوستانکار تیرۆر دەکات و هێرش دەکاتە سەر وڵاتی نێوەندگیر."

ناوبراو وتیشی: "ئێمە هەوڵدەدەین هەنگاوی وا بگرینەبەر کە رێگری لە دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بکات، و سورین لەسەر روبەروبوونەوەی دوژمنکاری و گرتنەبەری هەموو رێکارێک کە یاسای نێودەوڵەتی رێگەی پێدەدات بۆ بەرگریکردن لە خۆمان."

سەرۆک وەزیرانی عیراق: هێرش بۆ سەر یەک وڵات، هەڕەشەیە بۆ سەر هەمووان

لەلایەن خۆیەوە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، داوای کرد کە "هەر هێرشێک بکرێتە سەر هەر وڵاتێکی عەرەبی یان ئیسلامی، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر هەموو وڵاتان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."

سودانی لە وتارەکەیدا وتی: "پابەندین بە بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ لە روبەروبوونەوەی پێشهاتەکان،" و جەختی کردەوە کە "دەسەڵاتدارانی داگیرکەر بەردەوامن لە پێشێلکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، کە ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل دەرگا بۆ ئاژاوە دەکاتەوە و بەردەوامبوون لەسەر ئەم سیاسەتانە بەبێ هیچ رێگرییەک، دەبێتە هۆی نائارامی زیاتر." سودانی بارودۆخی غەززە و کەرتی رۆژئاوای بە "سیاسەتی برسیکردن و کۆمەڵکوژی" و "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی تەواوی ناوچەکە" ناوبرد.

سەرۆک وەزیرانی عیراق پێشنیازی کرد "هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسلامی دەربکرێت کە ئیدانەی هێرشەکەی سەر وڵاتی قەتەری خوشکمان بکات."

ئامانجی لوتکەکە:

بەپێی رەشنووسی راگەیەندراوی کۆتایی کە ئاژانسی "فرانس پرێس" بینیویەتی، کۆبونەوەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشەکەی ئیسرائیل "هەلەکانی بەدیهێنانی ئاشتی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە و هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو ئەو دەستکەوتانەی لە رێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیلدا بەدەستهاتوون."

لوتکەکە لە کاتێکدایە کە هێرشەکەی ئیسرائیل ئیدانەیەکی نێودەوڵەتی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە. جێی ئاماژەیە، قەتەر  گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکای لە ناوچەکە گرتووەتە خۆیی، هاوکات رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ