ئه‌وروپییه‌كان پێشبینی ده‌كه‌ن شه‌ڕی ئۆكرانیا بۆ ماوه‌ی دو ساڵی دیكه‌ به‌رده‌وام بێت

11.09.2025
جەماوەر نیوز
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبونی گرژییه‌كانی نێوان ڕوسیا و یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌سه‌ر شه‌ڕی ئۆكرانیا، كایا كاڵاس به‌رپرسی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا باوه‌ڕی خۆی ده‌ربڕی كه‌ شه‌ڕی كیێڤ و مۆسكۆ ده‌توانێت بۆ دو ساڵی دیكه‌ به‌رده‌وام بێت.

كایا كاڵاس له‌ لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌ چه‌ندین سیناریۆی ئه‌گه‌ری بۆ په‌ره‌سه‌ندنی ململانێكان كرد و رایگه‌یاند، "پێموایه‌ سیناریۆی واقیعی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بۆ چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌داخه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ ئاشتی، به‌ هه‌وڵه‌كانی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكاشه‌وه‌، هیچ ئه‌نجامێكیان نه‌بوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "به‌پێی سیناریۆ ڕه‌شبینه‌كه‌، ئۆكرانیا ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری به‌شێك له‌ خاكه‌كه‌ی بێت".

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌وروپییه‌ له‌ قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ چین، دو كێشه‌ی گه‌وره‌ی به‌رده‌م یه‌كێتی ئه‌وروپای به‌ پاڵپشتی په‌كین له‌ ڕوسیا له‌ ململانێی ئۆكرانیا و "پراكتیزه‌ ئابورییه‌ زۆره‌ملێكان" وه‌سفكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "ئێمه‌ ئاماده‌ نین وه‌ك یاریزانێكی جیهانی مامه‌ڵه‌ بكه‌ین كاتێك باس له‌ چین ده‌كرێت، چونكه‌ دیدێكی یه‌كگرتومان نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چی بكرێت".

له‌ دوای له‌شكركێشی ڕوسیا بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا له‌ (شوبات/2)ی 2022، یه‌كێتی ئه‌وروپا چه‌ندین جار پشتیوانی خۆی بۆ كیێڤ دوپات كردوه‌ته‌وه‌، چ له‌ ڕوی سیاسی و چ له‌ ڕوی سه‌ربازییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها وڵاتانی ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی به‌رگری چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر هه‌وڵیاندا "گه‌ره‌نتی ئه‌منی به‌هێز" بۆ كیێڤ دابین بكه‌ن، به‌ هاوكاری ئه‌مریكا، پێش ئه‌وه‌ی تاوتوێی هه‌ر ڕێككه‌وتنێكی ئاشتی نێوان هه‌ردولا بكه‌ن.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ