نەتەنیاهۆ: هێرشەكەی سەر قەتەر شكستی نەهێناوە

15.09.2025
جەماوەر نیوز

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، "تەواو بڕیارێکی ئیسرائیلی بوە و هێرشەكە شكستی نەهێناوە و هێشتا ڕاپۆرتی كۆتایی نەگەیشتوە". 

بنیامین نەتەنیاهۆ، ئەمڕۆ دوشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، "ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تەواوی هێرشکردنە سەر سەرکردەکانی حەماس دەگرێتە ئەستۆ"، کە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردو كرایە سەر دەوحە.


سەرەڕای ئەوەی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە سەرکردە دیارەکانیان لە هێرشەکە ڕزگاریان بوە، بەڵام نەتەنیاهۆ جەختی کردەوە کە "ناتوانرێت بوترێت هێرشەکانی سەر دەوحە شکستیان هێناوە و هێشتا وەرگرتنی ڕاپۆرتە کۆتاییەکان سەبارەت بە سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە نەگەیشتوە".

نەتەنیاهۆ باسی لەوەشكرد، هێرشەکەی دەوحە "پەیامێک بو بۆ تیرۆریستان کە دەتوانن خۆیان بشارنەوە، بەڵام ناتوانن هەڵبێن"، و جەختی کردەوە کە "حەماس لە هیچ وڵاتێک پارێزراو نییە و دەیانەوێت دڵنیابین لەوەی کە بزوتنەوەی حەماس چیتر هەڕەشە بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناکات".

لەلایەکی دیکەوە نەتەنیاهۆ ستایشی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ هێرشکردنە سەر ئێران لە مانگی (حوزەیران/6)ی ئەمساڵ و وتی، "ئەوە پەیامێک بو لە واشنتنەوە کە وڵاتەکە و هاوپەیمانەکانی بەرگری لە خۆیان دەکەن".

پێی وابو کە "ئەمریکا باشترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە"، و وتیشی، "هاوپەیمانێتی نێوان ئێمە و ئەمریکا ئێستا لە باشترین دۆخیدایە، و ترەمپ هاوڕێیەکی گەورەی ئیسرائیلە".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ