ترەمپ داوای 15 ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات

16.09.2025
جەماوەر نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر میدیاکان چڕکردووەتەوە و داوایەکی یاسایی گەورەی لە دژی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز تۆمار کردووە. ترەمپ بە تۆمەتی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی درۆ، داوای قەرەبووی بە بڕی 15 ملیار دۆلار دەکات. ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە کاتێکدایە، کە ماوەیەکە هێرشی توند دەکاتە سەر ئەو میدیایانەی رەخنەی لێدەگرن.
ترەمپ: نیویۆرک تایمز بە ئازادی درۆ دەکات
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس"دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی توندی لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز گرتووە. ئەو نووسیویەتی: "نیویۆرک تایمز رێگەی پێدراوە بە ئازادانە درۆ بکات و بە شێوەیەکی چەواشەکارانە بۆ ماوەیەکی درێژ باسی من بکەن و دەبێت هەر ئێستا ئەوە بوەستێت."
تۆمەتەکانی ترەمپ بۆ نیویۆرک تایمز
سەرۆکی ئەمریکا ئەو رۆژنامە بەناوبانگە ئەمریکییەی بە "دەمڕاستی پارتی دیموکراتەکان" وەسفکرد و تۆمەتباری کردن بە بڵاوکردنەوەی درۆ لەبارەی خێزانەکەی، بازرگانییەکەی و جووڵانەوەی "یەکەم ئەمریکا"ش، بەڵام تا ئێستا ترەمپ هیچ بەڵگەیەکی لەسەر ئەم تۆمەتانە بڵاونەکردووەتەوە.
مێژووی هێرشەکانی ترەمپ بۆ سەر میدیاکان
هەفتەی رابردوو، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردبوو، کە ترەمپ هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری یاسایی کردووە دژ بە بڵاوکردنەوەی ئەو راپۆرتەی باس لە کەیسی جێفری ئیپستەین دەکات. ئەمەش یەکەم جار نییە ترەمپ داوای یاسایی لە دژی میدیاکان تۆمار بکات. لەو کاتەوەی کە دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، هێرشەکانی بۆ سەر میدیاکان چڕکردووەتەوە و بەردەوام بە شێوەیەکی ناشرین باسی لەو رۆژنامەنووسانە کردووە، کە رەخنەیان لە ئیدارەکەی گرتووە. لە مانگی تەممووزیشدا، ترەمپ داوایەکی یاسایی لەسەر رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە بڕی بەلایەنی کەم 10 ملیار دۆلاری ئەمریکی لەسەر کەیسی هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ ئیپستەین تۆمار کردبوو.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ