تۆڕی هاوپەیمانی 19: رێگریكردن لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكان پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕینە

22.09.2025
جەماوەر نیوز
تۆڕی هاوپەیمانی 19 بڵاویكردەوە، رێگریكردن لەكۆنگرە رۆژنامەوانیەكان لە هەولێرو سلێمانی بەبێ پاساوێكی یاسایی رون پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕینە.
تۆڕی هاوپەیمانی 19 لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، بڕیاربوە رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان و دەستەی باڵای مامۆستایانی پێشەنگ و دەستەی داكۆكیكردن لەمافی مامۆستایان لە باخچەیەك لەبەرامبەر پەرلەمانی كوردستان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی رێكبخەن و یاداشتێك بخوێننەوە كە داخوازی پیشەیی مامۆستانی لە خۆگرتوە، بەڵام هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردون.
لە راگەیەنراوەكەشدا هاتوە كە مەغدید حاجی لە رێكخراوی پیشەیی مامۆستایان بەتۆڕی 19ی راگەیاندوە، هێزی ئەمنی رێگەیان نەداوە كۆنگرەكە بكەن و رێگەشیان نەدەوە رۆژنامەنوسان لێیان نزیكببنەوە، بۆیە ناچاربون كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیان بردوەتە شوێنێكی ترو یاداشتەكەیان خوێندوەتەوە.
تۆڕەی هاوپەیمانی 19 باسی لەوەشكردوە كە لە رۆژی 9/9  بڕیاربوە رێكخراوی كوردستانی كۆنگرەی ئازادی و گۆڕانكاری، لەپاركی نالی شاری سلێمانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەگەری ببەستن، هێزە ئەمنییەكان بە پاساوی نەبونی مۆڵەت رێگەیان نەداوە چالاكییەكەیان ئەنجامبدەن.
لەبەشێكی تردا راگەیەنراوەكە تۆڕی هاوپەیمانی19 رایگەیاندوە، رێگریكردن لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكان لە هەولێرو سلێمانی بەبێ پاساوێكی یاسایی رون پێشێلكردنی ئازادی رادەربڕینە، داوا دەكەن مەرجی بونی مۆڵەت بۆ كۆنگرەی رۆژنامەگەری لە شوێنی كراوەو داخراودا لاببرێت و رێكخراوەكان ئازادانەو بێ سەركوتكردن كاری خۆیان ئەنجامبدەن.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ