پێشنیارێک بۆ هەژمارکردنی "کۆی موچە" لە کاتی خانەنشینیدا دەدرێتە ئەنجومەنی وەزیران

13.10.2025
جەماوەر نیوز
لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، پێشنیارێکی نوێی ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران كرد، کە بریتییە لە هەژمارکردنی کۆی موچەی فەرمانبەر لە کاتی خانەنشینیدا، لە جیاتی موچەی بنەڕەتی كە ئەو كەسانەش دەگرێتە كە پێشتر خانەنشینكراون و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن.

محەمەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دوشەمە بە ڕۆژنامەی "سەباح"ی ڕاگەیاند، خانەنشینان چینێکی گەورە و گرنگی کۆمەڵگەی عێراقین، کاتی ئەوە هاتوە کە پێداچونەوە بە یاسا و ڕێساکانی خانەنشینی بکرێت بە شێوەیەک کە لەگەڵ گۆڕانکارییە ئابورییەکان و بەرزبونەوەی تێچوی ژیان بگونجێت.

 ئاماژەی بەوەشكرد، "لیژنەکە پێشنیارێکی تەواو و یەکگرتوی ئامادەکردوە کە میکانیزمێکی ڕونی تێدایە بۆ هەژمارکردنی خزمەت و دابینکردنی دارایی لەسەر بنەمای کۆی موچە، كە لیژنەی یاسایی لە ڕێگەی ئەم هەموارکردنەوە هەوڵدەدات ئاستی بژێوی خانەنشینان بەرز بکاتەوە و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی بهێنێت".

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی باسی لەوەشكرد،  "پێشنیارەکە بریتییە لە ئامادەکردنی خشتەیەکی ورد کە شێوازی هەژمارکردنی مافە خانەنشینییە نوێیەکان ڕون دەکاتەوە، لەوانەش ئەو فەرمانبەرانەی کە لە قۆناغەکانی پێشودا خانەنشین کراون، چونکە جیاوازیی موچەکانیان لە ڕێگەی قیستی داراییەوە قەرەبو دەکرێتەوە کە بە قۆناغ دابەشدەکرێت، هەروەها پێشنیارەکە ڕێکخستنی پڕۆسەی هەژمارکردنی خزمەتگوزاری بۆ فەرمانبەرانی نوێ لەخۆدەگرێت بە شێوەیەک کە دادپەروەری لە نێوان هەمو چین و توێژەکاندا دابین بکات".

ئەوەشیخستەڕو، یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی ناو پێشنیارەکە بریتییە لە کاراکردنی سندوقی خانەنشینی و وەبەرهێنانی لە پڕۆژە ئابورییە گەرەنتییەكراوەکاندا کە قازانجی بەردەوام بەدەستدەهێنن، كە ئەم قازانجانە دەتوانن سودێکی ڕاستەوخۆ بە خانەنشینان بگەیەنن لە شێوەی هاندانێکی دارایی یان زیادکردنی خولی، کە باری سەرشانی بودجەی گشتی کەمدەکاتەوە و توانای سندوقەکە بۆ بەردەوامبون لە جێبەجێکردنی پابەندبونەکانی دەدات".

محەمەد عەنوز، داوای "دەرکردنی یاسای نوێی کرد کە ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خانەنشینان دابین بکات و لەگەڵ بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی کە دەستور دیاری کردوە، بگونجێت". 

وتیشی، "لیژنەی یاسایی چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە لەسەر پێشنیارەکە دوای خستنەڕوی بۆ وەزارەتی دارایی کە لایەنە دارایی و کارگێڕییەکانی هەموارکردنە پێشنیار کراوەکە تاوتوێ دەکات، بە تایبەتی سەبارەت بە تەرخانکردنی پێویست و کاریگەرییەکانی لەسەر بودجەی گشتی دەوڵەت".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ