سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کوشتنی بەربژێرێکی هاوپەیمانیی سەروەری سەرکۆنە دەکات

15.10.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کوژرانی سەفا مەشهەدانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و بەربژێری هاوپەیمانیی سەروەریی بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، سەرکۆنە دەکات و داوای لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لە رووداوەکە دەکات.

سەفا مەشهەدانی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراوەوە لە قەزای تارمییەی باکووری بەغدا کوژرا.

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە خەمێکی قووڵەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی گەلەکەمان و خەڵکی قەزای تارمییە دەکەین."

مەشهەدانی رایگەیاندووە، "تارمییە یەکێک لە کوڕە بەوەفا و دڵسۆزەکانی خۆی لەدەستدا، ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵک تەرخان کردبوو و رۆڵێکی کارای لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەبوو."

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە حکومەت و لایەنە ئەمنییەکان کرد، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو "تاوانە قێزەونە" پێکبهێنن بۆئەوەی تاوانباران دەستنیشان بکرێن و رادەستی دادگە بکرێن. هەروەها رایگەیاند، پەرلەمانی عێراقیش لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی رووداوەکە پێکدەهێنێت.

عەمید نیبراس محەممەد عەلی رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی بەغدا-کەرخ ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-10-2025 لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، هەواڵی کوژرانی سەفا مەشهەدانیی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەوبارەیەوە راگەیێندراوێک بڵاوبکاتەوە.

ئەوە یەکەم کوژرانی بەربژێرە لە کاتی بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراقدا.

سەفا حوسێن یاسین عەبدوڵڵا مەشهەدانی، بەربژێری ژمارە 26 بوو لە لیستی هاوپەیمانیی سەروەری کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە و خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات.

بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێ. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ