سیناریۆی سەدر بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێت

15.10.2025
جەماوەر نیوز
بەگوێرەی میدیای ئیماڕات موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، خۆی بۆ خۆپیشاندانی بەرفراوان ئامادە دەکات. بەڵام ئەم هەواڵە بەچەند کاتژمێرێک دوای بڵاوکردنەوەی ڕەوتەکەوە ڕەتکرایەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیای ئیماڕاتی بڵاویکردووەتەوە، موقتەدا سەدر نیازی هەیە پێش وادەی هەڵبژاردنەکان، شەقام بجوڵێنێت و دەست بە خۆپیشاندانی سەرتاسەری بکات. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە، تێکدانی "یارییەکە"یە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران، و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاری تەنسیقی)، تا ڕێگری بکات لەوەی بە "ئارەزووی خۆیان" هەڵبژاردن بەڕێوەببەن و دەست بە دابەشکردنی پۆستەکان بکەن.

بەگوێرەی ئەو میدیا ئیماڕاتییە، سەدر بۆ ئەم پلانەی، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعە ئایینییەکانی دیکە، و سەرۆک هۆزەکانی ئاگادار کردووەتەوە تا بزانێت کێ پشتیوانیی دەکات. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانی سەدر ئەوەیە کە "نابێت ڕێگە بدرێت هیچ کاندید و پەرلەمانتارێک کە لە گەندەڵیدا تێوەگلابێت، خۆی کاندید بکاتەوە."

  چاودێرانی سیاسی و تەنانەت کەسە نزیکەکانی سەدر و خودی چوارچێوەی هەماهەنگیش پێشتر پێشبینیی سیناریۆیەکی لەم شێوەیەیان کردبوو، کە سەدر لە ڕێگەی شەقامەوە بگەڕێتەوە گۆڕەپانەکە و ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بکات.

  سەرەڕای بڵاوبوونەوەی بەرفراوانی ئەم دەنگۆیانە، "وەزیرەکەی سەدر" لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک، هەواڵەکەی بە تەواوی ڕەتکردەوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ