لەکاتی خۆرگیران چی بکەین؟

25.10.2022
جەماوەر نیوز

ئەمڕۆ سێشەممە 25ی تشرینی یه‌كه‌می 2022 خۆرگیرانی نیمچەیی روودەدات و هه‌رێمی کوردستانیش دەگرێتەوە کە لە دەوروبەری کاتژمێر 01:00 خولەک دەستپێدەکات و تاوەکو 3:20 خولەکی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت. 
ئەو دیاردەیە کاتێک روودەدات کە مانگ دێتە نێوان زەوی و خۆر ئەوکاتە تیشکی خۆر دەگیرێت، بەپێی شوێنگەی مانگ، ئەگەر مانگ زۆر لە زەوی نزیک بێت خۆرگیرانی تەواو روودەدات، ئەگەر هەندێک دوور بێت ئەوە تەنیا بەشێکی دەگیرێت؛ هەندێکجاریش مانگ لەسەرەوە و هەندێکجار لە خوارەوەی تیشکی خۆرە، ئەوە پێیدەڵێن "خۆرگیرانی نیمچەیی."
گەورەترین خۆرگیران کە لە هەرێمی کوردستان بیندرابێت لە 11ـی ئابی 1999 روویداوە.
بە گشتی خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی هه‌رێمی کوردستان لەنێوان کاتژمێر 12:55 خولەک تاوەکو 1:05 خولەک دەستپێدەکات کە دواترینیان سلێمانی دەبێت. وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە كاتژمێر 02:17 خولەکی دوای نیوەڕۆ، بەرزترین ئاستی خۆرگیرانی نیمچەیی تۆماردەكرێت و مانگ نزیكەی 51%ـی تیشکی خۆر دادەپۆشێت، پاشان وردە وردە دوور دەكەوێتەوە.

لەکاتی خۆرگیران چی بکەین و چی نەکەین؟
- چاویلکەی دژە خۆری تایبەت، فیلتەری تایبەت یان تێلیسکۆپ بەکاربهێنە بۆ سەیرکردنی خۆرگیرانەکە
- لەکاتی خۆرگیران ئەگەر شۆفێریت کرد لایتی ئۆتۆمبێلەکەت دابگیرسێنە
- ئافره‌تانی دووگیان باشترە لەو کاتەدا بەخەبەر بن. 

چی نەکەین؟ 
- بەبێ بەکارهێنانی چاویلکە سەیری ئاسمان و خۆرەکە مەکە، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی توانای بینینت.
- ئەگەر چاویلکەی تایبەتت نەبوو، دووربکەوەرەوە لە تۆمارکردنی ڤیدیۆی خۆرگیرانەکە بە کامێرا و مۆبایلەکەت.
- منداڵان لە ماڵەوە بمێننەوە و دووریان بخەرەوە لە سەیرکردنی خۆرگیرانەکە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، سەلامەتترین تەکنیک بۆ بینینی خۆرگیران بینینی ناڕاستەوخۆیە. بۆ نموونە: دەتوانیت بە ئاسانی ڤیدیۆی خۆرگیران لە تەلەڤزیۆن یان سۆشیاڵمیدیا ببینیت.  


خۆرگیران بەشێک لە ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقاش دەگرێتەوە
خۆرگیرانە نیمچەییەکەی ئەمڕۆ سێ شه‌ممه‌ ئەوروپا، رووسیا لەگەڵ نێوەڕاست، رۆژئاوا و باشووری ئاسیا و چەند بەشێکی باکووری ئەفریقا دەگرێتەوە. رێژەی خۆرگیرانەکە لە رۆژئاوای رووسیا زۆرترین دەبێت، بە جۆرێک کە سەرووی 82٪ـی بەری خۆر دەگیرێت.