ئەمساڵ زیاتر لە 722 تۆن خواردنی تێکچوو و ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە

24.10.2025
جەماوەر نیوز
لیژنەی وەزارەتی بازرگانی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، سێ هەزار و 973 سەرپێچییان تۆمار کردووە، هاوکات زیاتر لە 722 تۆن خواردنی تێكچوو و ماوەبەسەرچووش دەستی بەسەردا گیراوە.

 بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی، لەڕێگەی شەش بەڕێوبەرایەتییەوە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی کۆگا، مارکێت، قەسابخانە و چێشتخانەکانی کردووە و سەرپێچییەکانی تۆمار کردووە.

 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لیژنەکانیان لە 10 مانگی ڕابردوودا 39 هەزار و 456 سەردانیان لە تەواوی هەرێمی کوردستان هەبووە، سێ هەزار و 973 سەرپێچی تۆمار کراوە.

بە وتەی نەوزاد شێخ کامیل، 230 شوێنمان داخراوە، هەزار و 660 سزای پێبژاردن و سزای دیکە بە شوێنەکان دراوە، کۆی گشتیی ئەو پارەیەی وەک پێبژاردن وەرگیراوە، 482 ملیۆن و 935 هەزار دینار بووە، هەروەها 722 تۆن و 784 کیلۆگرام لە خواردنی تێکچوو و ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە. 

بابەتی هاوشێوە