شارەوانی سلێمانی: لە هەفتەیەكدا نزیكە 43 هەزار نەمام ڕوێندراون

24.10.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند، لە هەفتەیەكدا نزیكەی 43 هەزار نەمام لە باخچە و بلوارەكانی سلێمانیدا ڕوێندراون‌و دوو باخچەش سەوزكراون.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تیمەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی باخچەكانی سلێمانی بەشێوەی تیمی ئێشكگری بەردەوامن لە ئەركەكانیان و لە هەفتەیەكدا دەستكرا بە، كاری ڕواندنی 36 هەزار و 557 نەمام و دەوەن لە بلواری بازنەیی مەلیك مەحمود و هەزار ‌و 580 نەمام و دەوەن لە هۆبە كشتوكاڵییەكانی باخی گشتی و ابراهیم احمد.

هاوكات لە میانەی هەڵمەتی ڕواندنی پاییزەدا، دەستكراوە بە كاری ڕواندنی چوار هەزار ‌و 850 نەمام ‌و دەوەن لە سنووری پاركی ئازادی، مامۆستایان، خەبات، هەوارەبەرزە ‌و پاركی مەلیك مەحمود.

شارەوانی سلێمانی باسی لەوەشكردووە، تیمەكانیان هەستاون بە ڕواندنی دار زەیتونێكی تەمەن (200 ساڵە) لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود سەرەتای شەقامی دوو سایدی  30 مەتری ئەلبیسەكە، هەروەها سەوزكردنی دوو باخچە بە ڕووبەری حەوت هەزار ‌و 875 مەتر دووجا لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد.

بابەتی هاوشێوە