ئومێد خۆشناو: بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکی 100% ژینگەی هەولێر پاکبۆتەوە

29.10.2025
جەماوەر نیوز
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ لیژنەی کوالێتی هەوا لە شاری هەولێر کۆبوونەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکی 100% ژینگەی هەولێر پاکبۆتەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوی پارێزگای هەولێر، دوای ئەوەی لەلایەن د.ڕێبین سەمەد، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی لیژنەی کوالێتی هەوا لە شاری هەولێر، ڕاپۆرتێکی زانستی لیژنەکە خرایەڕوو سەبارەت بە پاکبوونەوەی هەوای هەولێر و لەوبارەیەشەوە بەداتا ئاماژەی بەجیاوازییەکانی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ ئەمساڵ باسکرد و ئاماژەی بە وردەکاری ئەو هەنگاوانەدا، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر بۆ پاکبوونەوەی ژینگەی پایتەخت، بەتایبەتی پڕۆژەی ڕووناکی و کوژاندنەوەی مولیدەکان کە 100% کاریگەری هەبووە لە پاکبوونەوەی ژینگە و هەوای هەولێر.
پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە لیژنەی ناوبراو کرد و هەوڵەکانی بەرز نرخاندن و خۆشحاڵی خۆشی بە جیاوازی زۆری پاکبوونەوەی هەوا و ژینگەی ئەمساڵی هەولێر لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو نیشاندا.
ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ژینگەی شاری هەولێر، چەندین ڕیکار و ڕێوشوێنی پێویست لە ماوەی ڕابردوودا دەرهەق بەو کەس و لایەنانەی سەرپێچی کارن گیراوەتەبەر، لەدەرنجامی وەرگرتنی ئەو ئیجارئات و ڕێکارانەش بەخۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین، کە لە ئێستادا بەپێی دواینی توێژینەوەی زانستی، کە لەلایەن لیژنەی کوالێتی هەوا لە شاری هەولێر کە پارێزگای هەولێر بەهەماهەنگی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر ئەنجامیداوە، وێڕای دەستخۆشی لەو لیژنەیە و بەزر نرخاندنی هەوڵەکانی، لە ئەنجامدانی ئەو دیراسە و لێکۆلینەوە زانستیە دەرکەوتووە، بە هۆی پڕۆژەی ڕووناکی 100% ژینگەی شاری هەولێر پاکبۆتەوە.
پارێزگاری هەولێر بۆ ئەو مەبەستەش، دووپاتی لە سەر توندکردنی بە دواداچوون و گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان کردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە پابەندی ڕێنمایی و بڕیارەکان پاکڕاگرتنی ژینگە نابن و داواشی لەهاووڵاتیان کرد، هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ پاکژی ژینگەی شار.
وتیشی، لە ماوەی ڕابردوودا، جگە لە داخستنی 84 پاڵاوگە و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ خاوەنەکانیان، بەهۆی پڕۆژەی ڕووناکی و دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، کە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر پاکڕاگرتنی ژینگەی هەولێر، ( 3776) مۆلیدە کوژاوەتەوە، کە ڕۆژانە 35 تا 40 هەزار بەرمیل گازیان دەسوتاند. ئەوە جگە لە مولیدەی فەرمانگە و مولیدەی دیکەی تایبەتی هاووڵاتییان لەگەڕەکانی دیکەی شار.
وتیشی، تێکدانی سەدانی شوێن، کە بە ئاوی پیس سەوزیان ئاو دەدا و ئیجرائاتکردن و بەدواداچوون سەدان شوێنی دیکەی جیاجیا کە هۆکاربوونە بۆ پیسبوونی ژینگەی شاری هەولێر و پابەندکردنی کارگەکان بەدانانی فلتەر و دەستبەسەر داگرتنی ئەو ئۆتومبێلانەشی کە ببونە هۆی پیسبوونی ژینگە، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی هەموو ئەوانە بەیەکەوە هۆکار بوونە بۆ پاکبوونەوەی ژینگەی شار، دڵنیاشین لەداهاتوودا بەهۆی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی هەولێر پاکتر دەبێتەوە.
ڕاشیگەیاند، هاوڵەکانمان بۆ پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر بەردەوام دەبێت و هەموو ڕێکارێکیش بەرامبەر ئەوانە دەگیرینە بەر کە ژینگە پیس دەکەن، هەر شوێنێکیش ببێتە هۆکاری پیسبوونی ژینگە، لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و چاوپۆشی لەکەس ناکرێت.

بابەتی هاوشێوە