لە هەرێمى کوردستان هەزار و 312 بنکە بۆ دەنگدان ئامادە دەکرێن

04.11.2025
جەماوەر نیوز
کەمتر لە هەفتەیەک بۆ هەڵبژاردن ماوە و کۆمیسیۆنیش ئامادەکارییەکانى دەگەیەنێتە کۆتایى و زیاتر لە هەزار و 500 بنکە بۆ دەنگدانى تایبەت و گشتى دەکاتەوە.
زانا عوسمان، بەرپرسى ڕاگەیاندنى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند "هەزار و 312 بنکەیان بۆ دەنگدانى گشتى و 204 بنکەش بۆ دەنگدانى تایبەت ئامادە دەکرێن، کۆى گشتى دەکاتە هەزار و 516 بنکە".
زانا عوسمان، ڕوونیکردەوە لە شەوى چوارشەممە پێنجى تشرینى دووەم بنکەکانى دەنگدان ڕادەستى هێزە ئەمنییەکان دەکرێن و پێنجشەممەش کەرەستەکانیان بۆ دەگوازرێنەوە. وتیشى "لە ڕۆژانى دەنگدان هێزە ئەمنییەکان بەگوێرەى پلانێکى تایبەت هەر بنکەیەکى دەنگدان دەپارێزن و تاوەکو سەرجەم ئامێرەکانى دەنگدان دەگوازرێنەوە کۆگاکانى کۆمیسیۆن هێزە ئەمنییەکان دەمێننەوە".
زانا عوسمان باسیلەوەشکرد، چاوەڕوانن خوێندنگەکانیان ڕادەستبکرێت بۆئەوەى دەست بە ئامادەکارییەکان لەناو بنکەکان بکەن. ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى هەرێمى کوردستانیش ڕایگەیاند، پێنجشەممە خوێندنگەکان ڕادەستى کۆمیسیۆن دەکەن.
لە هەرێمى کوردستان سێ ملیۆن و 882 هەزار و 633 کەس مافى دەنگدانیان هەیە و لە سێ بازنەى هەڵبژاردن دەنگ دەدەن؟

بابەتی هاوشێوە