وەزارەتی پەروەردەی کوردستان پلاتفۆڕمێکی نوێ ڕادەگەیێنێت

06.11.2025
جەماوەر نیوز
لە مەراسمێکدا وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلاتفۆڕمێکی ناساند کە تێیدا دەتوانرێت بەشێوەی ئەلیکترۆنی سەرجەم داتا و ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆگرامەکانی  خوێندن کراوە  ببینرێت، خوێنەر بە ئاسانی بەراوردکاری بکات لەنێوان پرۆگرامی خوێندنی کۆن و نوێ.

 بەمەبەستی بەرەوپشێبردنی کەرتی پەروەردە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوامە لە گۆڕانکارییەکان لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و چاکسازییەکانی وەزارەتەکەی لەم چوارچێوەیەدا ئەمڕۆ پێنجشەممە پلاتفۆڕمێکی نوێی ڕایگەیاند.

 ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی بە کەرتی پەروەردە دراوە، بۆ جێبەجێکردنی دیدی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانرا بە هیممەت و کۆششی دەستی خۆماڵی گۆڕانکاری گەورە لە پەروەردەدا بکرێت.

وتیشی، ڕاگەیاندنی ئەو پلاتفۆڕمە لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەدا و نوێکردنەوە و دەستکاریکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندنیش کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە ڕەهەندی زانستی و نیشتیمانی هەیە.

 لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان 521 بابەت و پڕۆگرامەکانی خوێندن بەدەستی شارەزایانی ناوخۆیی بە شێوازی ستانداردی  نوێی جیهانی گۆڕانکارییان تێداکراوە.

 225 قوتابخانەى نوێ، دوو زانکۆى گەورە، نۆژەنکردنەوەى دوو هەزار و 114 قوتابخانە، 529 پۆلی نوێی خوێندن، 21 کۆلێژ و پەیمانگەى تازە،  33  هەزار و 271  قوتابی گەڕانەوە بەرخوێندن، بەشێک لە کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانن لە کەرتی پەروەردەدا.

بابەتی هاوشێوە