پەتاتەی هەولێر هەناردەی دووبەی دەکرێت

07.11.2025
جەماوەر نیوز
بڕیارە ئەم ساڵیش هاوشێوەی پار، پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دووبەی بکرێت. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، سبەی یەکەم قۆناخی هەناردەکردنی پەتاتە دەستپێدەکات.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "سبەی وەکو قۆناخی یەکەم، 100 تۆن پەتاتەی سنوورەکەمان هەناردەی دووبەی دەکرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەناردەکەی سبەی هەنگاوی یەکەمە و بە گشتی پێنج هەزار تۆن هەناردەی دووبەی دەکرێت.

هێمن سەید موراد دەڵێت، هەنگاوەکانیان لەپێناو گرنگیدانە بە بەرهەمی نێوخۆ و پاڵپشتیکردنی جووتیاران. گوتیشی: "ئەم ساڵ رەزامەندیمان داوە بۆ بنیادنانی 30 پڕۆژەی ساردکەرەوە، کە دەبێتە ژێرخانێکی باش بۆ بەرهەمی جووتیاران و جووتیار و باخەوانانی هەرێمی کوردستان".

ساڵی رابردوو 6 هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دووبەی کرا.

بەرهەمی نێوخۆی هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی 600 هەزار تۆن پەتاتەیە و لەو بڕە نزیکەی نیوەی بەرهەمی پارێزگای هەولێرە. هێمن سەید موراد گوتی: "پێداویستی نێوخۆی پەتاتە ساڵانە کەمترە لە 150 هەزار تۆن و ئەوەی دەمێنێتەوە دەبێت لە دەرەوە ساخبکرێتەوە".

بابەتی هاوشێوە