یەکێتی زانایان: دەنگدان ئەرکێکی ئایینییە

10.11.2025
جەماوەر نیوز
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا لە هاووڵاتییان دەکات بەشداریی کارا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق بکەن و دەڵێت، دەنگدان ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم.

بڕیارە سبەی سێشەممە 11-11-2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکرێت، لەم چوارچێوەیەدا یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی ڕاگەیاند.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە بۆ نوێکردنەوە و ئیدارەدانی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکە، بۆیە ئەمانەت و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و چەند بە پاکی و رێکوپێکی و بێ فڕوفێڵ بەڕێوەبچێت هەر کەمە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەڵێت، خوازیارین ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەکی خێر و ئارامی بێت بۆ گەلی کورد و کوردستان.

ئاماژە بەوەش دەکات، بەپێی ڕاستیی پێگەی کوردستان لە ناو گۆڕەپانی سیاسیی عیراق چەند بەهێز بێت، زیاتر توانای بەرگری و داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و نەتەوەییەکانی دەبێت، بۆیە بەشداری بەرفراوان و کارای هاووڵاتییان لە چوارچێوەی بنەما شەرعی و یاسایی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گەل و نیشتمان و کەشێکی ئارام؛ ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانتیەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم گرنگترە.

بابەتی هاوشێوە