نەبەرد عومەر: لە رۆژی دەنگدانیش بەردەوام دەبن لە پێدانەوەی کارتی دەنگدان

10.11.2025
جەماوەر نیوز
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆن دەڵێت، "سبەی پرۆسەی دەنگدانی گشتی دەست پێدەکات و بەردەوامیش دەبن لە پێدانەوەی کارتی دەنگدان، ئەنجامە بەراییەکانیش ٢٤ کاتژمێر دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکرێن".

ئەمڕۆ دووشەممە، ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ئامادەکارییمان بۆ هەڵبژاردنی گشتی کردووە کە سبەی ١١ـی ١١، لە کاتژمێر حەوتی بەیانی تاوەکو شەشی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.

وتیشی، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگدەر هەیە، کە دابەشبوون بەسەر هەزار و ٣١٢ بنکەی دەنگدان لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها پێنج هەزار ٥٩٩ وێستگەی دەنگدانیشمان هەیە.
دەشڵێت، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بووە و ئامێرەکانی دەنگدانیان بۆ نێردراوە، هەروەها کاغەزی دەنگدان و تۆماری دەنگدەرانیش تەواو بووە و ئامادەکارییەکانی کراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دابەشکردنی کارتی دەنگدان بەردەوامە، تەنانەت لە رۆژی هەڵبژاردن لە ١٧٣ بنکە کارتی دەنگدان دابەش دەکەین، تاوەکو ئێستا ١٠ هەزار کارت لە بنکەکان ماوە و لەلایەن هاوڵاتیان وەرنەگیراوەتەوە.
باسی لەوەشکرد، ئەپڵیکەیشنێکمان هەیە بەناوی IHEC هاوڵاتیان دەتوانن لە ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس دایبەزێنن، بۆ ئەوەی پێشئەوەی بچنە بنکەی دەنگدان دەتوانن لە رێگای کیو ئاڕی کارتی دەنگدانەوە شوێنی دەنگدانیان بزانن.
لەبارەی دەنگدانی سەربازە خانەنشینکراوەکان وتی، ئامێرەکان هەمووی زیرەکە، ئەو سەرباز و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان کە خانەنشین بوون، ناویان لە دەنگدانی گشتییە نەک دەنگدانی تایبەت، بۆیە دەتوانن بەیانی لە دەنگدانی گشتیی دەنگ بدەن.

بابەتی هاوشێوە